ژنۆلۆژی پەرتوکی "ڕۆژهەڵات"ی بڵاوکردەوە
ئەکادیمییای ژنۆلۆژی پەرتوکی "ڕۆژهەڵات"ی بڵاوکردەوە، ئاماژە بەوەکراوە، لە پەرتوکەکەدا جگە لە تیشکخستنە سەر بەستێنە مێژووییەکانی خەباتی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پڕۆسەی پێکهاتن و بەردەوامیی تەڤگەری "ژن، ژیان، ئازادی" ڕاڤەکراوە.

ناوەندی هەواڵ
ئەکادیدمیای ژنۆلۆژی پەرتوکێکی نوێی بەناوی "ڕۆژهەڵات" بڵاوکردەوەو تایبەتە بە مێژووی خەباتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، هەروەها ئەم پەرتوکە ١٠ وتارو چاوپێکەوتنی بنکۆڵی لەسەر شیکار و خوێندەوەی کۆمەڵناسییانەی بۆ بارودۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و سەرچاوەی فەلسەفە و داهێنەری دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی"دەکۆڵێتەوە کە لە ئاستی گەردوونیدا دەنگی دایەوە، تێدایە.
دەربارەی پەرتوکەکە ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیان نووسیویەتی: بە ئاوڕدانەوەیەک لە پڕۆسەی پێکهاتنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، دەبینین کە ژنان بە شێوەیەکی مێژوویی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە گواستنەوەی کولتوردا هەبووە و وەک سەرچاوە و ڕێنیشاندەر ناسراون و لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵگەدا کاریگەر بوون و بە واتایەکی تر ڕایەڵەی نێوان نەوەکان بوون. لە ڕوانگەی گێردا لێرنەر وەک یەکێک لە دارێژەرانی مێژووی ژن، مێژووی ژنان بۆ ئازادکردنیان پێویست و گرنگە. بۆیە مێژووی نووسراو هەمیشە لەلایەن پیاوانەوە نووسراوە و بەشێکی زۆر کەم بۆ ژنان تەرخان کراوە و لە هەمان کاتدا شێوێنراوە. لەم مێژووە شێوێنراوەدا کارایی ژنان و کاریگەرییان پشتگوێ خراوە و لە ڕاڤەکردنی ئەزموونەکانی ژنان و تۆمارکردنی چاوپۆشی کراوە، لە لایەکی دیکە مێژووی زارەکی کە بەشێکی گرنگی مێژووی داگیر کردووە و لە شیعر و ئەفسانەدا زیندوو ماوەتەوە و لە پاراستن و بەهێزکردنی یادەوەری بەکۆمەڵدا کاریگەرە. کەواتە بە ڕوانگەیەکی ژنانە، پێویستی بە ڕاڤەکردن و خوێندنەوەیەکی تری مێژوو هەیە، لەم ڕووەوە پێویستی بە پارادایمێکی نوێ، پێناسە و چەمکی دروست و هەڵوەشاندنەوەی تیۆرە باوەکان هەیە. چونکە نەبوونی سەرچاوە و بەڵگەنامەی دروستی مێژوویی یەکێکە لە بەربەستە سەرەکییەکان لە بەردەم ناسین و گەیشتن بە هۆشیاری ژنان، ئەم هۆشیاری و ناسینە کاتێک دێتە دی کە سەرەتا ناسینێک بەرامبەر بە شتی نادروست بەدەست بێنین تا ببێتە تێڕوانینێکی جێگرەوە بۆ ئایندە.
"ژنۆلۆژی بەهاکانی خولقێنراوەکانی ژنان کە هەمیشە پشتگوێ خراون ئاشکرا دەکات"
ئاماژە بەوەشکراوە، پێکهاتەی پۆزیتیڤیستی زانستی ئێستا کە یەکێکە لە پاڵپشتە سەرەکییەکانی سیستەمی پیاوسالاری، بندەستی و ژێردەستیی ژنانی وەک شتێکی ڕەها ڕەوا کردووە. بێگومان مەعریفەناسی و پەیوەندییە زاڵەکانی ئەم زانستانەش ڕۆڵێکی کاریگەریان لەسەر ئەم بندەستییە هەبووە. باس لە پێکهاتەیەک دەکەین کە بەرهەمەکەی جەنگ، برسێتی، هەژاری، ئاوارەیی، جینۆسایدی ژنان و تێکدانی ژینگەیە و لە کاتێکدا بانگەشەی چارەسەرکردنی ئەم قەیرانانە دەکات کە ستراتیژ و ڕێگاچارەیەکی نییە بۆ دەرچوون. لە بارودۆخێکی وادا کە پێکهاتە زانستییە ئێستاییەکان تووشی لەناوچوون بوون و ڕەخنەیان لێ گیراوە، پێویستی بە شۆڕشێکی پارادایمی هەیە. لەسەر ئەم بنەمایە ژنۆلۆژی بەهاکانی خولقێنراو لەلایەن ژنانەوە کە هەمیشە پشتگوێ خراون، لەسەر بنەمای پارادایمێکی نوێ ئاشکرا دەکات. لە دیدی ژنۆلۆژییەوە سەرچاوەی هەموو ئەو قەیرانانەی کە باسیان لێوە کراوە قەیرانی زانستی پشتبەستوو بە پارادایمی پۆزیتیڤیستییە.
ئەکادیمیای ژنۆلۆژی ئەوەشیختووەتەڕوو، لەم بەرهەمە تایبەتەی ئەکادیمیاکە لەسەر ڕۆژهەڵات باس لە ڕاستییە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکانی خەباتی ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، ئەم باسانە بە وردی ڕاڤە کراون، بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ دا بە کوشتنی ژینا ئەمینی لە لایەن ‘ پۆلیسی ئەخلاق’ ی ڕژێمی ئێرانەوە دەستیپێکرد، بە شیکردنەوەی بنەما مێژوویی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئەم بزووتنەوەیە، لە پڕۆسەی پێشکەوتنیدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت، لە لایەکی دیکە قاڵبوونەوە لە پرسی ژن، بەتایبەت لە کوردستان لە ڕەهەندی دیکەوە گرنگەم لە جوگرافیایەکدا کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا ناوەندی جەنگی دژوار و جینۆسایدی قووڵی کولتووری و فیزیکی بووە و بازنەی ئەم سیاسەتە لەناوبەرانە ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەبێت، کەڵەکەبوونی ئەزموون و شێوازە جۆراوجۆرەکانی خەبات لە کوردستان بنەمایەکی بەهێزی بۆ ڕوودانی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی فەراهەم کردووە و ئەم خەباتانە هەروا چالاک و بەردەوامن، هەروەها ناکرێت چاوپۆشی لە ڕۆڵی ژنان بکرێت کە توخمێکی گرنگی بزووتنەوە سیاسییەکانی کوردە، ژنانی کورد سەرەڕای بارودۆخی دژواری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستان کە دەرئەنجامی جەنگ و فشارەکانی دەوڵەت بووە، ئامادەییەکی چالاکیان لەم خەباتانەدا هەبووە و سەرەڕای پارچەبوونی کوردستان، نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم گواستنەوەی ئەزموون و ویستەکانیان لە بەشەکانی تر، بۆ نموونە خەباتی ژنان لە باکووری کوردستان کاریگەری قووڵی لەسەر ژنانی بەشەکانی دیکە کردووە، شۆڕشی ڕۆژئاوا کە وەک شۆڕشی ژنان پێناسە دەکرێت، سنوورەکانی کوردستانی تێپەڕاند و بوو بە یەکێک لە کاریگەرترین شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان لە جیهاندا، بزووتنەوەی 'ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەمان کاریگەری هەبووە و نەک تەنها ژنانی هەموو بەشەکانی کوردستان، بەڵکوو کاریگەری لە هەموو ژنانی جیهانی کردووە و هێشتا بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە کە بێگومان ناکرێت چاوپۆشی لە ڕۆڵی کاریگەری دەستکەوتە هاوبەشەکانی ژنان لە بەشەکانی تری کوردستان لەسەر ئەم بزووتنەوەیە بکرێت.
"ژن، ژیان، ئازادی ڕیشەی تێکۆشانی زیاتر لە ٤٠ ساڵەی ژنانە"
ئاماژەی بەوەشکردووە، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرهەم و میراسی خەبات و بەرخودان لە کوردستانە کە لە پڕۆسەیەکی مێژووییدا پێکهاتووە و ڕیشەی لە تێکۆشانی زیاتر لە چل ساڵەی ژنان دژی ستەمی ڕەگەزی، دەوڵەتی و دەسەڵاتخوازییە، بۆیە “ژن، ژیان، ئازادی” دروشمێکی شۆڕشگێڕ و وەرچەرخێنەرە کە هاوپشتییەکی قووڵی لە نێوان ژنانی هەموو بەشەکانی کوردستان و ئێراندا دروست کرد و بە واتایەکی تر گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی و کولتووری قووڵی خولقاند کە هیوای دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراتیک و ئازادە، ئەم دروشمە ڕایەڵەیەکی قووڵی لەگەڵ کولتووری ژنان لە جوگرافیای دێرینی مێزۆپۆتامیادا هەیە کە یەکەم شوێنی کۆمەڵایەتیبوونە و دەربڕی پێکهاتنی ژیانی کۆمەڵایەتییە لە دەوری کولتووری ژن-دایک و ئەم دروشمە خاوەنی بنچینەیەکی دێرینی وەهایە کە لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستاندا وەک وشەی تەلیسماوی لە تەنیشت یەکترەوە دانراون و ئەمڕۆ بووەتە مانیفێستی شۆڕشی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە لایەکی دیکەوە بەهۆی بەردەوامبوونی جەنگ و ناکۆکی لە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە پاڵ کاریگەری قووڵی کولتووری باوکسالاری، حوکمڕانی دەوڵەت-نەتەوە و ئایینگەرایی، بەردەوامی و چالاکی خەباتی ژنان شتێکی پێویستە. “ژن، ژیان، ئازادی” وەک دروشمێکی گۆڕینی زهنیەتی پیاوسالاری زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا، ڕۆڵێکی مێژووسازیی گێڕا، لەسەر ئەم بنەمایە زیاتر لە گۆڕانکاری سیاسی، پێویستی بە گۆڕان و شۆڕشێکی زهنیەتی هەیە کە بێگومان یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم بزووتنەوەیەیە.
لە پەرتوکی ژنۆلۆژی ” ڕۆژهەڵات” جگە لە تیشکخستنە سەر بەستێنە مێژووییەکانی خەباتی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پڕۆسەی پێکهاتن و بەردەوامیی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”، ڕاڤەکردنی پێکهاتەی پیاوسالاری لە ئێران و کاریگەرییەکانی مۆدێرنیزم، سیاسەتی جەستە، دۆخی زیندانییە سیاسییە ژنەکان لە زیندانەکانی ئێران، شیکردنەوەی سیاسەتی سڕینەوە و نکۆڵیکردنی گەلان لە ئێران لەلایەن نووسەرانی ئەم فایلەوە بە وردی شیکراوەتەوە. بێگومان ڕاڤەکردنی ئەم قۆناغە لە خەباتی ژنان، کۆمەک بە وێناکردنی داهاتوویەکی ئازاد و دیموکراتی بە ئامادەبوونی ژنان، دەدات.