بە فەلسەفەی " ژن، ژیان، ئازادی" ژنان لە ٨ی ئاداردا هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان دەدەن

سارا ڕەزا، چالاکوانی سیاسی دەڵێت: داڕشتنەوەی یاساکان و دەستوور لە لایەن پیاوانەوە، بۆتە هۆکاری زیادبوونی کوشتنەکانی ژنان، سزا نەدانی تۆمەتباران لە باشووری کوردستاندا.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ لە ٨ی ئاداردا ژنان هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی مافەکان و ڕێگریکردن لە کوشتنیان دەدەن، ئەو عەقڵیەتەی لە لایەن دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستانەوە بۆ کۆمەڵگەی کوردی خوڵقێندراوە، دژ بە ئازادی بیروڕاکانی ژنانە، هەوڵ بۆ بە کاڵاکردن و کوشتنی ژناندەکات، لە ڕێگەی دەسەڵات و نەبوونی یاسایەک لە لایەن ژنانەوە بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان، پیاوان دەتوانن بە ئازادانە لە ژێر ناوی شەرەف و بە هاوکاری دەسەڵاتداران لە ناوچەکەدا ژنان بکوژن، پاشان لە ڕێگەی یاسایەکەوە ئازاد دەکرێن، سەرەڕای هەبوونی چالاکییەکان و ڕوبەڕوبونەوەی ژنان بەرامبەر توندوتیژییەکان، دەبیندرێت ڕۆژانە ژنان بە دەستی پیاوان دەکرێنە ئامانج، پێویستە ژنان لە ڕێگەی خۆپەروەردەکردن و زانستی ژنۆلۆژییەوە بتوانن بەرەنگاری ئاستەنگیەکانی کۆمەڵگە و دەسەڵات ببنەوە.

 

" ئەقڵیەتی پیاوسالاری و سیستمی سەرمایەداری کوشتنەکانی ژنان بەرەو هەڵکشان دەبات"

سارا ڕەزا، چالاکوانی سیاسی و چالاکوانی مافی ژنان، ئاماژەی بەوەکرد، بارودۆخی ژنان لە باشووری کوردستاندا لە مەترسیدایە بۆتە گۆڕستانێک بۆ ژنان، لە ڕێگەی نەبوونی یاسایەکی تۆکمە لەباشووری کوردستاندا ژنان کۆمەڵکوژ دەکرێن، داڕشتنەوەی یاساکان لە لایەن پیاوانەوە بووەتە هۆکاری زیادبوونی توندوتیژی و نەگەیشتنی تۆمەتباران بە سزا، یاساکان خاوەنداری لە پیاوان دەکەن، لە کاتی ئەنجامدانی کوشتنی ژنان یاسا پشتیوانی لە تۆمەتباران دەکات، بە تێپەڕاندنی سزایەکی کەم ئازاد دەکرێن، زۆرێک لە ژنان کوشتنەکانیان لە ژێر ناوی شەرەفدا ئەنجام دەدرێت، لە کۆمەڵگەیەکدا ژنان بە شەرەفی پیاوان و لە ژێر ساییەی پیاواندا هەژمار دەکرێت، لە کاتێکدا شەرەفی هەر تاکێک لە خاکەکەی و پاراستنی نەتەوەکەی پێکدێت.

 

ئاماژەی بەوەشدا، ژنان لە ڕێگەی بەکاڵاکردن و هەژموونی دەسەڵاتەوە لە باشووری کوردستاندا قۆرغکراون، وتی: ئازادی ژنان لە چوارچێوەی بە کاڵاکردن و مەترسیداردا دەبیندرێت، هەبوونی ئازادی لە ڕوتکردنەوەی ژنان نی‌یە، ئازادی لە باشووری کوردستاندا بە کۆیلەکردنی ژنانە، هەبوونی ئەو ئاستەنگییەی ژنان پێویستی بە خۆڕێکخستن هەیە، لە ڕێگەی گۆڕینی زهنییەتی ژنانەوە کار لەسەر بەرەوپێشچوونی ژنان بکرێت، لە ئێستادا ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان لە سەرجەم سێکتەرەکانی ژیاندا پێشەنگایەتی دەکەن، لەسەر ئەو ئایدۆلۆژیایە پێویستە ژنانی باشووری کوردستان بەرەنگاری ئەقڵیەتی پیاوسالاری ببنەوە، ژنان پێویستیان بە خودناسینی خۆیان دەبێت، هەروەها کۆمەڵگەیەکی ئازاد پێویستی بە ژنانی ئازاد دەبێت، لە ماڵەکاندا پێویست بە هاوژیانی ئازاد دەکات.

 

لە کۆتاییدا سارا ڕەزا باسی لەوەکرد، ئەو سیستمەی لە لایەن دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان خوڵقێندراوە، سەرجەم کۆمەڵگەی بە کۆیلە کردووە، ژنان و پیاوان لە کۆمەڵگەیەکی بە کۆیلەکراودا ژیان دەکەن، پاشان دەبنە جێبەجێکاری ئەو کۆیلەکردنە، وتیشی: لە سەرتاسەری جیهاندا سیستمێک لەسەر جەستەی ژن دەژی، ئەقڵیەتی پیاوسالاری و ئیسلامی سیاسیی بووەتە هۆکاری توندوتیژی و کوشتنەکانی ژنان لە ناوچەکەدا، بۆ دەربازبوون لەو ئەقڵیەتەی خوڵقێندراوە پێویستمان بە خۆ پەروەردەکردن هەیە، لە ڕێگەی خۆ پەروەردەکردنی ژنانەوە هەوڵ بۆ ئازادبوونیان بدەن، لە ڕێگەی خۆ پەروەردەکردنەوە، پاشان پەروەردەکردنی منداڵ و کۆمەڵگەکەیان هەوڵی لە ناوبردنی سیستمی سەرمایەداری و پیاوسالاری بدەن، هەروەها لەسەر زهنیەت و زانستی ژنۆلۆژی ژنان هەوڵ بۆ خۆ پەروەردەکردن و خۆڕزگارکردن لەو ئەقڵیەتە بدەن.