ژنانی شەنگال: سەرکەوتنی کۆبانێ سەرکەوتنی مرۆڤایەتییە
ژنانی شەنگال ١ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانییان لە کۆبانێ پیرۆزکرد و سەرکەوتنی کۆبانێیان بە سەرکەوتنی هەموو مرۆڤایەتی وەسفکرد.
شەنگال
ڕۆژی ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٥ چەکدارانی داعش بە هاوکاری دەوڵەتی تورک هێرشیان کردە سەر کۆبانێ و گوندنشینەکانی کۆبانێ لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ لە دوای ١٣٤ ڕۆژ لە بەرخۆدانی بێهاوتای شەڕڤانانی یەپەگە، یەپەژە و خۆبەخشانی سەرتاسەری کوردستان، کۆبانێ ئازادکرا، لەو کاتەوە ئاڵای بەرخۆدان و ئازادی لە ئاسمانی کۆبانێ و هەموو باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا بە شکۆوە هەڵکرا، ژنانی شەنگالیش ڕۆژی جیهانییان لە کۆبانێ لە سەرتاسەری جیهان پیرۆزکرد و ڕایانگەیاند، سەرکەوتنی کۆبانێ سەرکەوتنی مرۆڤایەتییە.
"دەسەڵات ڕێگە بە خەڵک نادات بە ئازادی بژین"
ژنێک بە ناوی ڕیحان خدر ڕۆژی جیهانی بەرخۆدانی کۆبانێی پیرۆزکرد و ڕایگەیاند، کە شەڕڤانانی گەلی کورد جیهانیان لە گێچەڵی داعش ڕزگارکردووە و بە خوێنی خۆیان خاکەکەیان پاراستووە، بەڵام دوژمنی گەلی کورد ویستی دەستی پیس هەڵبداتەوە ناو خاکی پیرۆز، وتی: " ئێمە ڕۆژی ڕزگارکردنی کۆبانێ بۆ هەموو خەڵکی کۆبانێ بە تایبەتی دایکانی ڕۆژئاوا پیرۆز دەکەین یادی هەموو ئەو شەهیدانە دەکەینەوە کە لەپێناو ئازادکردنی کۆبانێدا گیانی خۆیان بەخت کردووە و سەری بۆ بوێریی خۆیان دەنوێنن ئێمە خاکەکەمان بە ڕەنج و خوێنی منداڵەکانمان ڕزگار کردووە، بەڵام دوژمن ڕێگە نادات گەلانی ستەمدیدە ئازادی خۆیان شاد بکەن، دەیانەوێت جارێکی تر هێرش بکەنە سەرمان".
"ڕۆژئاوا و شەنگال یەکن، بۆیە ئێمە بۆ هەبوونی خۆمان شەڕ دەکەین"
ڕیحان خدر ئەوەشی وت: "لە هەموو شوێنێک هێرش دەکەنە سەر ئیرادەی گەلی کورد، بەڵام ئامادەین وەک گەلی شەنگال لە بەرامبەر ئەو هێرشانە بوەستینەوە و ئێستا دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە دەیەوێت هێرش بکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ئێمە وەک کۆمەڵگەی ئێزدی، وەک ژنانی ئێزدی هیچ کات دەستمان بەو دوژمنانە نەخستووە ئەگەر بیانەوێت هێرش بکەنە سەر ڕۆژئاوا، ئێمە وەک خەڵکی شەنگال دەچین و هاوکاری خەڵکی رۆژئاوا دەبین وەک چۆن خەڵکی ڕۆژئاوا لە فەرمانەکەدا هاتن بۆ یارمەتی ئێمە، ئێمە لەگەڵیان دەڕۆین، بۆ شەنگال و رۆژئاواو بۆ هەبوونی خۆمان شەڕ دەکەین".
"سڵاو لە چالاکیی دایکان لە دەروازەی سێمالکا دەکەین"
ڕیحان خدر لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: " سڵاو لە چالاکیی دایکانی ڕۆژئاوا لە دەروازەی سێمالکا دەکەین ئەوەی پەدەکە دەیکات هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ تورکیا نییە لە هەموو شوێنێک لە دژی گەریلاکانی ئازادی کوردستان شەڕ دەکات و ڕێگا بۆ دوژمن دەکاتەوە، ئێستا جەستەی منداڵەکانمان نادەن، ئەمە لە هیچ ئاین و ڕەوشتێکدا نییە. ئێمە جارێکی تر پەدەکە و دەوڵەتی تورک شەرمەزار دەکەین با دوژمنی ئێمە بزانێت، کە هەرچی زیاتر بەسەرماندا دێت، ئێمە بەرخۆدانی خۆمان بەرز دەکەینەوە و پێکەوە یەکتر دەگرین".
"شەڕڤانان بە ئازادکردنی کۆبانێ جیهانیان پاراست"
لە سەرەتای قسەکانیدا ژنێک بەناوی پەریشان شەمۆ یادی هەموو شەهیدانی بەرخۆدانی کۆبانێی بەبیر هێنایەوە و وتی: "ئازادکردنی کۆبانێ تەنها بۆ ڕۆژئاوا گرنگ نەبوو، بەڵکو بۆ هەموو جیهان وایە لەبەرئەوە سەرکەوتنی کۆبانێ سەرکەوتنی مرۆڤایەتییە، شەڕڤانانی ئازادی بە بەرخۆدانی خۆیان قاچی داعشیان شکاند و جیهانیان پاراست ئێمە ئیدانەی ئەو کردەوانەی دوژمن دەکەین و هەرچی دەکەن ناتوانن بە ویستی گەل و گەریلا ئەنجامی بدەن، پەدەپە نایەوێت خەڵک بۆ خۆیان ئەنجامی بدەن، بۆ ئەوەی ڕێکخستنی خەڵک لە شەنگال ئاستەنگ بێت هەروەها لە چیاکانی ئازاددا دەبێتە دۆستی دوژمن و هێرش دەکاتە سەر گەریلاکانی ئازادی هەرچی بکەن ئێمە دەستکەوت و خەونی شەهیدانمان دەبێت و خاکەکانمان ئازاد دەکەین".