ژنانی شەنگال داوای گرنگیدان بە هەڵمەتی هەڵبژاردن دەکەن
ژنانی شەنگال بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە گرنگی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەخەنەڕوو، ئاماژەشیان بەوەدا بە گرنگییەوە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان ببەن بەڕێوە.
ئەڤین زەندا
شەنگال- هەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٠ی تشرینی یەکەم بەڕێوەدەچێت، شەنگالیش بە کاندیدێکی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات، هاوڵاتیانی شەنگالیش بە گرنگییەوە لە هەڵبژاردن دەڕوانن و کار بۆ سەرکەوتنی کاندیدەکەیان دەکەن.
بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەموو ناوچە و گوندەکانی شەنگال بەردەوامە و بەو بۆنەیەشەوە ئێوارەی دوێنێ لە بناری چیای شەنگال ئاهەنگێک بەڕێوەچوو، ژنانی شەنگالیش گرنگی هەڵبژاردنەکانیان هەڵسەنگاند.
"شەنگالییەکان گرنگی زۆر بە هەڵبژاردنەکان دەدەن"
سێڤێ ئێمۆ، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری خۆسەری شەنگال، سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ئاماژە بەوەدا کە شەنگالییەکان گرنگی زۆر بە هەڵبژاردنی ئەمجارە دەدەن و داخوازیشیان ئەوەیە کە کاندیدەکەیان بنێرنە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، "بەهۆی ئەم هەڵبژاردنەوە ئێمە چەندین خاڵی پێویستیمان بۆ کۆمەڵگاکەمان مسۆگەر کردووە، لە ڕابردوودا بەشداری هەڵبژاردنەکان دەبووین بەڵام هیچ خزمەتێکمان نەکرا، بۆیە ئەمجارە باوەڕمان وایە کە کاندیدی سەربەخۆمان، سەمیر شێخ دەرویش سەردەکەوێت، ئەمە دەبێتە سەرکەوتن بۆ پادێ، بۆ ئەوەش کاردەکەین تا خەباتمان فراوانتر بکەین".
"پێویستە بە وریاییەوە دەنگەکانمان لە هەڵبژاردنەکاندا بەکاربهێنین"
سارا شەنگالی، ئەندامی کۆردیناسیۆنی یەکێتی گەنجانی ئێزدی، باسی لە گرنگی پادێ کرد بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی و وتی: خەڵکی ئێزدی لە فەرمانی ٢٠١٤دا بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن هاتنە بناری چیای شەنگال، ئەمڕۆش هاتووینەتەوە ئێرە تا پشتیوانی خۆمان بۆ پارتی ئازادی و دیموکراتی ئێزدی و کاندیدەکەی بۆ هەڵبژاردن دەردەبڕین و باوەڕمان بە سەرکەوتنی هەیە، لەو پێناوەشدا ئێمە وەکو گەنجان و گەلی ئێزدی هەتا کۆتایی پشتیوانی لە کاندیدەکەمان دەکەین و کار بۆ سەرکەوتنی دەکەین، چونکە باوەڕمان بە پادێ هەیە.
گەلی ئێزدی لە شەنگال بەشێوەیەکی بەرفراوان بەشداری ئاهەنگەکە و بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ کاندیدی سەربەخۆ، سەمیر شێخ دەرویش دەکەن، داواکاریشن کە گەلی ئێزدی متمانەی خۆیان بدەنە سەمیر و بەشداری هەڵبژاردنەکان ببن.
ت.پ