وەزیرەکانی عێراق خۆیان کاندید دەکەن و پۆستەکانیشیان چۆڵ ناکەن
بڵێسە جەبار فەرمان ئاماژەی بەوەدا کە بەشێک لە وەزیرەکانی عێراق خۆیان کاندید کردووە و لە کارەکانیشیان بەردەوامن، بودجەی وەزیریشیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنن.

ناوەندی هەواڵ
بڵێسە جەبار فەرمان، پەرلەمانتاری عێراق، لە بڵاوکراوەیەکی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکەکەی ئاماژەی بەوەداوە کە وەزیرەکانی کابینەکەی کازمی لە ٢٠ وەزیر چواریان خۆیان کاندید کردووە بۆ پەرلەمان، ئەمەشی بە دژی نەریتی دیموکراستی بەناو کرد.
حکومەتی ئێستای عێراق کە کازیم کابینەکەی بەڕێوەدەبات، لە ٢٢ وەزارەت پێکدێت، وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی تەندروستی وەزیرەکانی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە و لە ئێستادا کابینەکە لە ٢٠ وەزیر پێکدێت.
بڵێسە نووسیویەتی: "لە کۆی ٢٠ وەزیر ٤ وەزیر خۆیان بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق کاندید کردووە، بێگومان خۆ کاندیدکردن مافی ھەموو تاکێکە کە مەرجەکانی کۆمسیۆنی تێدابێت، بەڵام خۆ کاندید کردنی ئەم وەزیرانە دژی ھەموو نەریتێکی دیموکراسیە."
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بڵێسە داویەتی ئەو وەزیرانە لە کارەکانیان بەردەوامن و پلە و دەسەڵات و بوجەی وەزارەتەکەیان بۆ بانگەشەی خۆیان بەکاردەھێنن، لە کاتێکدا دەبوو ئەو وەزیرانە مۆڵەتیان وەربگرتایە و دەسەڵاتیان بۆ جێگرەکەیان بەجێبھێشتایە.
بڵێسە باسی لەوەشکردووە کە "ئەمە بەکارهێنانی پۆستی حکومیە بۆ مەرامی تایبەت و هەڵبژاردن، چەندین نمونەی تر هەن تانەن لە نەزاهەتی هەڵبژاردن، ئەم کارەشی بە یەکێک لە پێشێلکارییە یاساییەکانی هەڵبژارن بەناوکرد.
ت.پ