ڕۆژنامەوانان: دەستبەسەرکردنی پەیامنێری ژن نیوز ڕێگرییە لە دەنگ و ڕەنگی ڕاستی

بە مەبەستی شاردنەوەی ئەو ئاڵۆزی و پێشێلکارییانەی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە دژی خەڵکی باکوری کوردستان ئەنجامی دەدات، پەیامنێری ئاژانسی ژن نیوز، بێریتان جانۆزەر دەستبەسەر کرا.

 

ڕۆنیدا حاجی

حەسەکە- هەزاران سیاسەتمەدار، پەیامنێر و ئازادیخوازی لەناو زیندانەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەردا زیندانی کراون، لە دژی سیاسەتی فاشیزمیش بەرخۆدانییەکی بێوێنە بەڕێوەدەچێت، لە ڕۆژی ١٣ی ئابدا، دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر، بێریتان جانۆزەر، پەیامنێری ئاژانسی ژن نیوزی لە شاری ئامەد دەستبەسەرکرد، لەو بارەیەوە ڕۆژنامەنووسان هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە کردەوەکانی دەوڵەتی تورک بۆ ئاژانسی ژنها دەربڕی.

 

"بە دەستبەسەرکردنی بێریتان دەیانەوێت ئاڵۆزییەکانی وڵات بشارنەوە"

هەنار ئیبراهیم، پەیامنێری ئاژانسی هاوار، ئامانجی دەوڵەتی تورکیای لە دەستبەسەرکردنی بێریتان خستەڕوو و وتی: دەوڵەتی تورکیا لە ناو ئاڵۆزییەکی ناوخۆییدا دەژی، کاتێک گەل داوای ئازادی بکات دەستگیر دەکرێت، لەبەرئەو هۆکارەشە کە پەیامنێری ئاژانسی ژن نیوزیان دەستبەسەر کردووە، بێریتان دەیویست بەو کارەی کە دەیکرد ڕاستینەی باکوری کوردستان، ئێش و ئازارەکانی گەل و ئاڵۆزییە ناوخۆییەکان بخاتە بەرچاو.

 

هەنار ئاماژەی بەوەشدا کە دیواری زیندانەکانی تورکیا شاهیدی ئەشکەنجە و توندوتیژییەکانی دەوڵەتی تورکیان دژ بە ئازادیخوازان و گەلی کورد و باکوری کوردستان، بۆ ئەوەی هاواری گەل بۆ رای گشتی و جیهانیش نەگوازرێتەوە و بۆ ئەوەی سیاسەتە فاشیستەکانی بشارێتەوە، ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان دەستگیر دەکات.

 

"بە پێنوس، کامێرە و وێنەکانمان دەبینە هاواری گەلێکی بندەست"

سۆزدا ئەحمەد، ئەندامی بەڕێوەبەری ڕادیۆی "صوت الحیاة" لەو بارەیەوە وتی: لە دژی هێزە دەسەڵاتدارەکان تێکۆشانێکی گەورە هەیە بۆ پاراستنی زمان و کلتور و هەبوونی گەلی کورد، ئەوانەی ئەم تێکۆشانە بەڕێوەدەبەن ژنانن، دەوڵەتی تورک لە بۆشاییەکی سیاسی، ئابوری و بەڕێوەبردندا دەژی، بۆ ئەوەی بۆشاییەکانی بشارێتەوە هێرش بۆ سەر دەوڵەتانی دراوسێ دەکات، بێریتانیش یەکێکە لەو ژنانەی کە بە پێنوس و کامێرەکەی بووەتە دەنگ و هاواری گەلێکی بندەست، بەو هۆیەوە دەستگیرکرا.

 

ت.پ