کەنەکە لە بەغدا: ژنان لە مێژووی دوور و نزیکی عێراقدا ڕۆڵی کاریگەرییان هەبووە
شاندێکی کەنەکە لە بەغدای پایتەختی عێراق ڕیزە سەردانێکیان بۆلای لایەنەکان ئەنجامدا و تێیدا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و ڕۆڵ و گرنگی ژنان لە دۆخێکی ئێستادا نرخاند.

ناوەندی هەواڵ
شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، کە پێکهاتوون لە شەهلا حەفید، جێگری هاوسەرۆک، دکتۆر حەکیم عەبدولکەریم ، زەینەب مستەفا و حاجی ئازاد، سەردانی لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەیی مەدەنییان کرد و تێیدا پرسی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و ڕۆڵ و پێگەی ژنان باسی گفتوگۆکانیان بوو.
ڕۆژی ١٤ی ئاب، شاندەکەی کەنەکە لەگەڵ کۆمەڵەی ژنانی عێراق- رابطة المرأة العراقیة، کۆبوونەوە و باسیان لە گرنگی هەماهەنگی لەپێناو ئازادیی و سەربەخۆیی گەلانی عێراق و ناوچەکە کرد.
هەروەها ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی ژنان بۆ خەبات و تێكۆشان بۆ ئازادیی و بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان لە مێژووی دوور و نزیکی عێراق خرایەڕوو، لە سەردەمی نوێشدا هەبوونی ژنان وەک هێزێکی کرداریی لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و تیرۆر و لە گۆڕەپانی سیاسیدا بەرز نرخێندرا.
شاندەکە لەلایەن کۆمەڵەی ژنانی عێراق و بە ئامادەبوونی شەمێران مروکل – سکرتێر و سهلە ئەلئەعسم – جێگری سکرتێر و نزال توما – ئەندامی سکرتارییەت و بەرپرسی پرۆژەکانی کۆمەڵەی ئافرەتانی عێراق، پێشوازییان لێکرا.
ڕۆژی ١٥ی ئاب، شاندی کەنەکە سەردانی بزوتنەوەی عەتای کرد و لەلایەن لەلایەن حەیدەر تەمیمی ئەندامی ئەنجومەن و بەڕێوبەرانی بزوتنەوەی عەتا پێشوازییان لێکرا، بابەتی گفتوگۆکانیان هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر عێراق باشوری کوردستان بوو، پێویستی یەکێتی گەلانی عێراق و هەبوونی دەستورێک بۆ پاراستنی هەموو پێکهاتەکان خرایە بەرباس.
بزوتنەوەی عەتا ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ کارکردن لەگەڵ کەنەکە و جەختیشیان لە تێکۆشانی هاوبەش دژی دەمارگرژیی ئاینی، ئەتنیکی و نەتەوەیی کردەوە و بەڵێنیاندا لەسەر تێکۆشانی هاوبەش بۆ باشکردنی دۆخی سیاسیی و ژیانیی.
لە درێژەی سەردانەکانیاندا هەمان ڕۆژ،١٥ی ئاب، شاندی کەنەکە لەگەڵ فەیلییەکان و هاوپەیمانی نیشتمانیی بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی کۆبووەوە و باسیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی داگیرکاری بۆسەر عێراق و باشوری کوردستان کرد.
بەپێی ڕاگەیاندراوی کۆبوونەوەکە شاندی هاوپەیمانی نیشتمانیی ئاماژەیان بەوەداوە، دەبێت بەهەموو شێوەیەک دژی داگیرکاريی بووەستنەوە لەهەر لایەکەوە بێت، عێراقییەکان دەبێت بە ڕۆحێکی سەردەمیانە و نیشتمانیانە بەرامبەر بەم دۆخە بووەستنەوە.
هەروەها هاتووە: شاندی هاوپەیمانی نیشتمانیی پشتگیری بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەردەبڕن، هاوکات ئەوەش ناشارنەوە، کە باوەڕییان نییە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەم جارەی عێراق بتوانرێت ئامانجی خۆی لە دیموکراتیزەکردنی عێراق بەدیبهێنێت، چونکە هەتا ئێستاش چەک و ماڵی دەوڵەت لەدەست هێزە دەستڕۆشتووەکاندان.
هەمان ڕۆژیش کەنەکە و بەرەی کوردانی فەیلیان کۆبوونەوەتەوە، بەرەی کوردانی فەیلی داوایان لە کەنەکە کردووە هەوڵی جدديی بدات لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی کەیسی کوردانی فەیلی وەک جینۆساید بناسێنرێت، وەک چۆن پێویستە نەهامەتیەکانی سەر کوردانی ئێزیدیش بە جینۆساید بناسێندرێت و جەختیشیان لە وەستانەوە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا کردووەتەوە.
شاندی کەنەکە لە دوو مانگی ڕابردوودا لە باشوری کوردستان لەگەڵ زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و ژنان کۆبوونەتەوە، جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان کە سەرەڕای هەوڵەکان بەڵام ئامادەی دانیشتن نەبووە، لە ئێستا زنجیرە سەردانێکی شاندەکە لە عێراق دەستیپێکردووە سەبارەت بە پرسی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و مەترسییەکانی لەسەر عێراق و باشوری کوردستان.
ت.پ