لە جیهانەوە داوای پشتیوانی کوردان دەکرێت دژ بە داگیرکاری و کاولکاری

کۆمەڵەی نێودەوڵەتی پشتیوانی کورد داوای پشتیوانی کوردان لە لایەنگرانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکات لە دژی هێرشەکانی کاولکاری و داگیرکاری و داواکەی ئاڕاستەی هەموو ئەوانە دەکات کە دژایەتی شەڕ و داگیرکاری و کوشتنی ژن و تاڵانکردنی سروشت دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

زیاتر لە ٧٠ کەسایەتی جیهان بە ناوی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی پشتیوانی کوردان واژۆیان لەسەر بەیاننامەیەکی بڵاوکراوە کردووە و داوای پشتیوانی کوردانیان لە لایەنگرانی دیموکراستی و مافی مرۆڤ کرد لە دژی هێرشە کاولکاری و داگیرکارییەکان.

 

فازیلە محەمەد، هاوسەرۆكی وتەبێژی كۆمەڵەی نێودەوڵەتی پشتیوانی كورد، چالاكوان لە باشووری ئەفریقا و بەرگریكاری مافی ژنان، ئاماژەی بەوەدا لە ڕێگەی ئەم چالاکییەوە دەیانەوێت پشتیوانی كورد بن، "دژی پشتیوانی ناتۆ بۆ سیاسەتی وێرانكاری و داگیرکاری ڕژێمی ئەردۆغان ئێمە پشتیوانی کوردانین، پێش هەموو شتێک ئیدانەی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا دەکەین لە عێراق، کە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و هێرش دەکەنە سەر ئەو هێزانەی کە جیهانیان لە دەستی داعش پاراست.

 

خاڵێکی دیکە کە لە بەیاننامەکەدا ڕەخنەی لێ گیرا، ئەوە بوو کە سوید و فینلاند لە دۆسیەی کورددا سەریان بۆ داخوازییەکانی تورکیا داناوە لە بەرامبەر دەستپێکردنی دانوستان بۆ پەیوەستبوون بە ناتۆ، هەروەها هاتووە، "پشتیوانی هێزە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێرشەکانی سەر گەلی کوردستان ئێستا وەستاوە. لەم دواییانەشدا لە لوتکەی ناتۆ لە مەدرید، سیاسەتە دڕندەکانی ئەردۆغان لە دژی کورد بۆ پرۆسەی داواکردنی سوید و فینلاند بۆ پەیوەستبوون بە ناتۆ پەسەند کرا. ناتۆ بۆ لابردنی ڤیتۆی تورکیا، پەیامێکی گڵاوی لەبارەی کوردەوە دا و ڕێگەی بە ئەردۆغان دا پاکتاوی نەتەوەیی ئەنجام بدات. ئەردۆغان جارێکی دیکە ئەم دۆخەی بەکارهێنا و خەباتی گەلی کورد بۆ ئازادی و دیموکراسی کرایە قوربانی بەرژەوەندی ئابووری و سەربازی و دیپلۆماسییەکانیان".

 

هەر لە بەیاننامەکەدا باس لە تێکۆشانی کوردان کراوە و دەڵێن: تاکە چارەسەری ئاشتیانە کە دەتوانرێت بەدیبهێنرێت، دانووستانە، تێکۆشانی کورد لە سەدەی بیست و یەکەمدا بۆ دیموکراسی و ئازادی ڕەگەزیی کۆمەڵگە و ئیکۆلۆژی تێکۆشانە بۆ ئەو بەهایانەی لە جیهاندا لە مەترسیدایە، بە پێچەوانەی شەپۆلی سیاسەتی ڕاستڕەوە کە پشت بە ناسیۆنالیزم و ژنکوژی و ڕەگەزپەرستی دەبەستێت، کورد و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژئاوا (باکووری سوریا) و هەموو سوریا مۆدێلێکی حوکمڕانی هەمەلایەنەیان بنیادناوە کە بە 'کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک' ناسراوە و بەم شێوەیە لە خەباتە دیموکراسیەکان کە بوونەتە هیوای هەموو جیهان".

 

لە کۆتایشدا کۆمەڵەی نێودەوڵەتی پشتیوانی کوردان داوای پشتیوانی گەلی کوردیان دژ بە سیاسەتی کاولکاری و داگیرکاری کرد.