دایکانی لەچک سپی دژی داگیرکاریەکانی سەر خاکی کوردستان هەڵوێستیان نواند
بەهۆی ئەو هێرش و داگیرکارییە بەردەوامانەی لە ئێستادا دەوڵەتی تورکیا دەیکات لەسەر خاکی باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان، دایکانی لەچک سپی بە پێویستیان زانی حکومەت و هاوڵاتیان لە بەرامبەر پاراستنی خاک و نیشتیمان هۆشیار بکەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بەیاننام
سلێمانی- پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ژمارەیەک لە دایکانی لەچک سپی لە بارەگایی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان "ڕژاک"، بە بۆنەی هەموو ئەو توندوتیژی و داگیرکاریانەی دەکرێتەسەر خاکی کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا، فەوزیە عەبدول کەریم بەیاننامەکەی خوێندەوە کە تیایدا هاتبوو:
" لە ئێستادا وڵاتانی جیهان لە باروودۆخێکی ناجێگیردایە بە گشتی و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بە تایبەت، هاوڵاتیانی کوردستانیش بە تایبەت تر، بە جۆرێک دوژمنان چاویان بڕیوەتە خاک و نیشتیمانمان بە تایبەت کە نزیکدەبینەوە لە تێپەڕبوونی سەدەیەک بەسەر پەیماننامەی لۆزان و پارچەپارچەکردنی کوردستان.
هەروەها، دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی لەهەموو لایەنێکی وەک چەکداری و شەهیدکردنی سڤیل و گەشتیاران، هەورەها تێکدانی سروشت و ئاسایشی شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، تێکدانی دابونەریتی کۆمەڵگای کوردی لە ڕێگای پەخشکردنی دراما تورکییەکان، کۆنتڕۆڵکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان بە هەبوونی سەدان کۆمپانیای تورکی جیاواز و قۆرخکردنی هەلی کار و بێبەشکردنی گەنجان لێیان، دەستپێکردوو.
لە کۆتایدا وەک دایکانی ئاشتی لەچک سپی، ئیدانەی هەموو ئەو هێرش و داگیرکاریانە دەکەن، داوا لە حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان دەکەن کە بەرپرسیارانەتر ڕەفتار بکەن، شکۆی وڵات بپارێزن، یاسا سەروەر بێت، هەروەها هاوڵاتیان هۆشیار بن بەرامبەر مافەکانیان چیتر بێدەنگ نەبن لە بەرامبەر داگیرکاری و توندوتیژییەکانی دەوڵەتی تورکیا.
داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو هێرشانە و وەک هەڵوێستێک دژی داگیرکاران، هەوڵی یەکخستنەوەی ماڵی کورد بدەن بۆ ئەوەی یەک هەڵوێست و یەکگرتووبن دژی نەیارانی کورد، یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ بەدەستخستنی متمانە، پاراستنی سەروەری و ئاسایشی هەرێم، دابینکردنی ئارامی و ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان."
"هاوڵاتیان دەبنە زەرەرمەندی سەرەکی داگیرکارییەکان"
فاتمە عەبدولڕەحمان، وەک دایکێک، ئیدانەی هەموو ئەو هێرشانە دەکات کە تورکیا ئەنجامی دەدات و دەڵێت "کەسانی بێتاوان و هاوڵاتیانی ئاسایی ڕۆژانە بەهۆی ئەو هێرشانەوە گیانیان لەدەست دەدەن، بەردەوام تۆپباران و هێرش هەیە بەڵام حکومەت بێدەنگە ئەمەش بێدەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتە زلهێزەکان دەسەلمێنێت".