لە ئەفریقا یادی ڕۆژی ژنان دەکەنەوە

باشووری ئەفریقا ڕۆژی ٩ ئاب ئاهەنگی ڕۆژی ژنان دەگێڕێت، ئەمەش وەک یادی ئەو نزیکەی ٢٠ هەزار ژنەیە کە ٦٦ ساڵ لەمەوبەر وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر یاساکان بەرەو بیناکانی یەکێتی ڕێپێوانیان کرد، هەموو شەڕێک هەنگاوێک لە ئازادی و یەکسانی ژنان نزیک دەکاتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

باشووری ئەفریقا ڕۆژی ٩ ئاب ئاهەنگی ڕۆژی ژنان دەگێڕێت، ئەمەش وەک یادی ئەو نزیکەی ٢٠ هەزار ژنەیە کە ٦٦ ساڵ لەمەوبەر وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر یاساکان بەرەو بیناکانی یەکێتی ڕێپێوانیان کرد.

 

هەموو ساڵێک یادی ئەم ڕۆژە دەکرێتەوە، ژنان مێژوویەکی دوور و درێژی ڕوبەڕووبونەوەی ستەمکارییان هەبووە، بەڵام هەموو شەڕێک هەنگاوێک لە ئازادی و یەکسانی ژنان نزیک دەکاتەوە، پەروەردە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت و دەتوانێت یارمەتی ژنان بدات بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی خۆیان.

 

یاساکانی پاس کە لەلایەن سیستەمی ئاپارتایدەوە دەرکرابوون، ئامانجیان سەپاندنی جیاکاری لە نێوان خەڵکی ڕەش پێست و سپی پێستدا بوو لەو وڵاتەدا، جووڵەی ڕەش پێستەکانی ئەفریقای باشوور لە ناوچە شارییەکان سنووردار کرابوو، بەمەش دەرفەتی کارکردنیان سنووردار بووبوو.

 

یاسای ڕەسەنی ژمارە ٦٧ ساڵی ١٩٥٢ درێژکردنەوەی یاساکان بوو بۆجیاکارییەکانی پیاوان و ژنانی ڕەشپێست، بە هۆی ڕێپێوانی ژنان لە ساڵی ١٩٥٦ ڕێپێوانەکە ژنانی ڕەگەز و پاشخانی جۆراوجۆری کۆکردەوە لە هەوڵێکدا بۆ بەرپەرچدانەوەی یاساکان.

 

بە سەرپەرشتی کەسانی وەک ڕەحیما موسا، لیلیان نگۆی، هێلین جۆزێف و سۆفیا ویلیامز ئەو ژنانە داواکارییان پێشکەش بە سەرۆک وەزیرانی ئەوکات یۆهانس ستریدۆم کرد.

 

١٠٠ هەزار واژۆ لە دەرەوەی دەرگای سەرۆک وەزیران بەجێهێڵدرا و هەروەها ناڕەزایەتییەکی بێدەنگی ٣٠ خولەکی خایاند، دوای ئەو ناڕەزایەتییە بێدەنگە، گۆرانی بۆ رێزگرتن لە بۆنەکە وترا بۆ دڵنیابوون لەوەی دەنگیان دەبیسترێت، ئەو گۆرانییەی کە وتیان بە تایبەتی بۆ ئەو چالاکییە ئامادەکرابوو.

 

ناڕەزایەتییەکی ئاشتیانە بوو بەڵام جیاوازی دروست کرد، بەهۆیەوە ڕۆژی نیشتمانی ژنان دیاریکرا، لە ڕاستیدا ئەو ڕۆژە تا ساڵی ١٩٩٥ نەکرایە پشوو، ئەو ڕۆژە سەرنج دەخاتە سەر ئەو کێشانەی کە ژنانی ئەفریقی ئەو کاتە ڕووبەڕوویان بووەتەوە و تا ئەمڕۆش ڕووبەڕووی دەبنەوە، لەوانە توندوتیژی خێزانی، ئازاردانی سێکسی لە شوێنی کار، مووچەی نایەکسان، ڕێگەنەدان بەوەی کە کچان بچنە قوتابخانە.

 

لە ساڵی ١٩٩٤دا ژنان نوێنەرایەتی زۆر کەمیان لەناو پەرلەماندا هەبووە بەڕێژەی تەنها نزیکەی ٢.٧٪، ژنان لەناو ئەنجومەنی نیشتمانیدا لە ٪٢٧.٧ بوون، دواترژمارەکان نزیکەی دوو هێندە زیادیان کرد، ئێستا ژنان نوێنەرایەتی ٪٤٨ یان هەیە لە سەرانسەری حکومەتەکانی وڵاتدا.