خەڵاتی ئازادی نووسین دەبەخشرێتە چالاکوان نێرگس محەمەدی

کۆمەڵەی پێن ئەمریکی خەڵاتی "ئازادیی نووسین" دەبەخشێتە نێرگس محەمەدی نووسەر، چالاکوانی مافی مرۆڤ و دەستبەسەرکراوی زیندانی ئەڤین.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵەی پێن ئەمریکی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە خەڵاتی "ئازادی نووسین"ی ساڵی ٢٠٢٣ دەبەخشێتە نێرگس محەممەدی چالاکوانی دەستبەسەرکراوی مافی مرۆڤ لە زیندانی ئەڤین لە ئێران.

 

لە بەیاننامەیەکدا کە دوێنێ دووشەممە بڵاوکرایەوە، کۆمەڵەی پێنی ئەمریکی ڕایگەیاند کە خەڵاتی "ئازادیی نووسین"ی ساڵی ٢٠٢٣ دەبەخشێتە نێرگس محەمەدی چالاکوانی دەستبەسەرکراوی ئێرانی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕژێم" لە زیندانی ئەڤین.

 

وە ئەمەش لە مەراسیمی ساڵانەی کۆمەڵەکەدا دەبێت، کە لە ١٨ی ئایار لە مۆزەخانەی مێژووی سروشتی نیویۆرک بە ناوی "ئاهەنگی ئەدەبی ئەمریکا" بەڕێوەدەچێت، خەڵاتەکە بە ناوی ئەوەوە لەلایەن هاوسەرەکەی و ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی تەقی ڕەحمانی وەردەگیرێت.

 

کۆمەڵەکە لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "نێرگس محەمەدی کە بە هۆی نووسین و چالاکییەکانی لە بواری مافی مرۆڤ لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا بووەتە ئامانجی حکومەتی ئێران، ناوبراو ئێستا بە تۆمەتی ناڕاستی پەیوەست بە پڕوپاگەندەی دژ بە نیزام و ناوزڕاندن لە زینداندایە، لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە نێرگس محەممەدی لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا داکۆکی لە مافی ژنان و زیندانیانی سیاسی و کەمینەکانی ئێران کردووە و بۆ یەکەمجاریش دەستبەسەر کراوە لە ڕۆژانی خوێندندا تەنها لەبەر ئەوەی بابەتێکی لەسەر مافەکانی ژنان نووسیوە و بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی سیاسیدا کردووە.

 

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "نێرگس محەممەدی تەمەن ٥١ ساڵ، دەیەی ڕابردووی لە زینداندا بەسەربردووە، ئەشکەنجە دراوە و ڕێگری لێکراوە دەستی بەو دەرمانانە بگات کە پێویستی پێیەتی، بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژووری تاکەکەسیدا مایەوە، دوای چەندین ساڵ دوورکەوتنەوە لە خێزانەکەی کتێبێکی نووسی.

 

چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ میدیاکان و چالاکییەکانی لە سۆشیال میدیا سەرنجی جیهانی بۆ دۆخی مافەکانی مرۆڤ ڕاکێشاوە، وە ڕۆشنایی خستە سەر پێشێلکردنی مافی زیندانیان لە ئێران بە چاپکردنی کتێبی "ئەشکەنجەی سپی" لە ساڵی ٢٠٢٢دا، کە تێیدا وردەکاری ترسناکەکانی سەبارەت بە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی زیندانیان لە ئێران لە ڕێگەی ئیفادەی ١٤ زیندانی ژنەوە ئاشکرا کرد.

 

هەروەک سوزان نوسێل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێن لە کۆتایی بەیاننامەکەدا وتی، "نێرگس محەمەدی ئیلهامبەخشە بۆ هەموو جیهان بۆ ئازایەتی و خۆڕاگری و تێکۆشان بەرامبەر بە هەڵمەتی حکومەتی ئێران بۆ ناچارکردنی بێدەنگبوون، چرایەکی ئازادی ڕادەربڕینە لە یەکێک لە توندوتیژترین شوێنەکانی جیهان بۆ نووسەران و ڕۆژنامەنووسان و هونەرمەندان، شانازی دەکەین بە ڕێزگرتن لەو ڕاستگۆزانە بوێرەی کە بەرخۆدانەکەی کردە هێمای وەستانەوە لە دژی نادادپەروەری، بە تایبەت بۆ ئەو ژنە گەنجە ئێرانیانەی کە ساڵی ڕابردوو لە دژی سەرکوتکاری دڕندانەی حکومەتی ئێران ڕاپەڕینیان کرد، ئامادەیی ئەوان بۆ سەرپێچیکردنی هەزاران بەرپرس نیشان دەدات کە نموونەی نێرگس محەمەدی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازرێتەوە.

 

شایانی باسە کە نێرگس محەمەدی بۆ ماوەی چەند ساڵێک پۆستی جێگری سەرۆکی ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی بەدەستەوە بوو کە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە هەڵوەشێنرایەوە، ناوبراو ئێستا بە هۆی سزادانی بە تۆمەتی "دامەزراندنی ڕێکخراوە نایاساییەکان" و "پیلانگێڕی دژی نیزام، ماوەی ١٦ ساڵ حوکمەکەی لە زیندانی ئەڤین لە ئێران بەسەر دەبات، هەروەها شانبەشانی نیلۆفەر حەمیدی و ئیلاها محەمەدی خەڵاتی ئازادی ڕۆژنامەگەریی جیهانی یونسکۆی ئەمساڵی بەدەستهێنا.