توێژەرێکی لیبیا: ژنان لە هەندێک پیشە دوور دەخرێنەوە

مەنال کامیل، توێژەر ئاماژەی بەوەکرد ژنان لە لیبیا بە مەبەست لە هەندێک پیشە دەردەکرێن و پشتگوێ دەخرێن، وتیشی: پیاوان بەگوێرەی بۆچوونەکانیان بارودۆخەکە دیاری دەکەن.

ئیبتیسام ئەغفەر

 

بنغازی-وەک زۆرێک لە وڵاتان، بەشداریکردنی ژنان لە ژیانی کاردا لە لیبیا لەبەر چەند هۆکارێک قەدەغەیە، جیاکاریی پیشەیی یەکێکە لەوانە، ژنان لە هەندێک پیشەدا قەدەغە دەکرێن بەوەی دەڵێن "کاری پیاوان"ە، مەنال کامیل، توێژەر لە ئەکادیمیای خوێندنی باڵای لیبیا سەبارەت بەم کێشەیە قسەی بۆ کردین.

 

مەنال کامیل ئاماژەی بەوەدا کە کۆمەڵگە هەندێک سەپاندنی بەسەر ژناندا لە بواری پیشەییدا سەپاندووەو نموونەیەکی ژیانی خۆی لەو بوارەدا هێنایەوە، مەنال کامیل باسی لەوە کرد کە ڕۆڵی خێزان و خزمەکان زۆر گرنگە و وتی: خێزانەکەم نەیاندەویست من بەشی ئەندازیاری هەڵبژێرم، لەبەر ئەوەی بە پێی ئەوان، ئەمە بوارێک بوو بۆ پیاوان، بەڵام من لەگەڵ سەپاندنی ئەوان هاوڕا نەبووم و بەردەوام بووم لە ڕێگاکەم.

 

"هەڵبژاردنی ئەندازیاری فڕۆکەوانی ڕەتکرایەوە"

مەنال کامیل ئاماژەی بەوەکرد دوای تەواوکردنی قوتابخانە ویستی هەڵبژاردنێک بکات لەنێوان ئەندازیاری فڕۆکەوانی و نەوتدا و وتی: خێزانەکەم و خزمەکانم بە کۆی دەنگ بڕیاریاندا بەشی ئەندازیاری فڕۆکەوانی هەڵنەبژێرم و بە توندی ڕەتیان کردەوە، چونکە دەبوایە بچم بۆ شارێکی تر بۆ خوێندنی ئەم بەشە، بۆ ئەندازیاری نەوتیش ڕووبەڕووی گاڵتە بوومەوە، وتیان کاتێک ئەم بەشە تەواو دەبێت، لە چۆڵەوانی کار دەکەیت، ئەم بیرۆکەیەیان ڕەتکردەوە، بەڵام من خێزانەکەمم بۆ ئەمە قایل کردو لە نێوان ئەو ٢٠ خوێندکارە گەنجەدا، من تاکە خوێندکاری کچ بووم کە ئەم لەم بەشە دەمخویند، ژن بوون بەربەست نییە بۆ هیچ شتێک، خوێندنی زانکۆم تەواو کرد و بە سەرکەوتنێکی بەرچاو لە هەڵکەندنی بیرە نەوتەکان دەرچووم، بەڵام بەهۆی خراپبوونی دۆخی ئابوورییەوە، نەمتوانی دەرفەتی کار بدۆزمەوە، دۆخی کارکردن لە لایەن دامەزراوە نەوتییەکان و کۆمپانیاکانی نەوتەوە خراپن، کاری ژنان لە هەرێمەکە قەدەغە دەکرێت.

 

"بۆ هەندێک پیشە تەنها پیاوان وەردەگیرێن"

مەنال کامیل ئاماژەی بەوەدا کە ژنان لە لیبیا دەرفەتی ئەوەیان پێنادرێت بەشداری لەو پیشانەدا بکەن کە بە هی پیاوان ناسیندراون و وتی: بۆ هەندێک پیشە، تەنها پیاوان وەردەگیرێن، ئەم پرسیارانە دێنە مێشکم: بۆچی ژنان ناتوانن کار بکەن؟ ئایا ژنان شارەزایی پێویست و گونجاویان نییە لە هەندێک پیشەدا؟ ژنان بە مەبەست پشتگوێ دەخرێن و پیاوان بەپێی بۆچوونەکانیان مەرجیان هەیە.

 

"ژنان لە کێڵگە نەوتییەکاندا کار دەکەن"

مەنال کامیل ئاماژەی بەوەدا کە ژنان دەتوانن دەستپێشخەرییەک دروست بکەن بە ڕەتکردنەوەی بیری پیاوسالاری و وتی: زۆرێک لە ژنان لە کێڵگە نەوتییەکاندا کار دەکەن، بەڵام ئەو ژنانە خەڵکی وڵاتانی جیاوازن وەک ڕووسیا و فلیپین، ژنانی لیبیا ڕەت دەکرێنەوە.

 

 مەنال کامیل تیشکی خستە سەر ئەزموونی ئەندازیارێکی عێراقی کە لە ناو ئەو ٤٥ ئەندازیارە پیاوەیە کە لە بواری هەڵکەندنی نەوتدا کار دەکەن و وتی: دەتوانن بیهێننە بەرچاوتان کە چۆن ئەم ئەندازیارە دژی کۆمەڵگاەی عێراقی ڕاپەری و لە کۆتاییدا توانی شارەزایی و لێهاتوویی خۆی بسەلمێنێت و سەرپەرشتی پڕۆژەیەکی تەواو بکات، لەم ڕووەوە، ئەم ئەندازیارە گرنگە، ئەو هانی ژنانی دیکەی دا بۆ کارکردن لەم بوارەدا، بەتایبەتی لە کۆمەڵگەیەکی وەک عێراق.