گەڕەکێکی ڤیەننا بەناوی ژینا ئەمینیەوە دەکرێت

شارەوانی ڤیەننا ڕایگەیاند کە ناوی گەڕەکێکی شارەکە بە ناوی ژینا ئەمینی ناودەنرێت، کە بووەتە هێمای ڕاپەرین.

ناوەندی هەواڵ

 

شارەوانی ڤیەننای پایتەختی نەمسا، ناوی ژینا ئەمینی کە لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێرانەوە کوژراو بووە سیمبولی راپەرینی "ژن، ژیان، ئازادی"، لە گەڕەکێکی ئەو وڵاتە دەنێت.

 

"لەگەڵ خۆپیشاندەرانی ئازا، دەمانەوێت هاوکاری خۆمان نیشان بدەین"

شارەوانی ڤیەننا ڕایگەیاند کە ئەم بڕیارە بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینەکەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دراوە، بەرپرسانی شارەوانی ڤیەننا ڕایانگەیاند کە بەم نزیکانە ئەم بڕیارە پێشکەش بە ئەنجومەنی شارەوانی دەکەن.

 

مارینا هانک، ڕاوێژکاری سەرۆکی شارەوانی ڤیەننا و ئەندامێکی پارتی سۆسیال دیموکراتی نەمسا ئاماژەی بەوەکرد، بە ئامانجی پشتیوانیکردنی ئەو ڕاپەڕینەی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستیپێکرد، ئەوان ناوی گەڕەکێکی ڤیەننا بە ناوی ژینا ئەمینی ناودەنین، خەبات بۆ ئازادی و دیموکراسی دەکەن بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن، وتیشی: ئێمە وەک شاری ڤیەننا دەمانەوێت هاوکاری خۆمان بۆ خۆپیشاندەرە ئازاکان نیشان بدەین.