نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەی لە غەززە دەگوزەرێت تاوانە

فرانشیسکا ئەلبانیز، ڕاپۆرتدەری نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکرد، ڕێژەی پێشێلکارییەکانی دژی خەڵکی مەدەنی لە کەرتی غەززە ئاشکرا کرد و وتی، ئەوەی ئیسرائیل لە غەززە دەیکات، ڕەخساندنی هەلومەرجێکە کە ژیان بۆ فەلەستینییەکان ئەستەم دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

فرانشیسکا ئەلبانیز ڕاپۆرتدەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خاکەکانی فەڵەستین، ئەوەی لە غەززە ڕوودەدات بە تاوانی جەنگی پێناسە دەکات، لە چوارچێوەی دانیشتنی ٥٥ی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ لە جنێڤ، فرانشیسکا ئەلبانیز، ڕایگەیاند ئەوەی ئیسرائیل ئەنجامی دەدات، ڕەنگدانەوەی نیازی خۆیەتی بۆ لەناوبردنی هەموو شتێک ئەمەش پێی دەوترێت جینۆساید.

 

لە وتارەکەیدا، ئاماژەی بەوەدا کە هەڕەشەی لێدەکرێت، بەهۆی ئەو ڕاستیانەی کە لە ڕاپۆرتەکەیدا سەبارەت بە شەڕەکە باسی کردووە، وتی: لەو کاتەوەی دەستم بە ئەرکەکەم کردووە بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکە، ڕووبەڕووی هێرش بوومەتەوە و هەڕەشەی زۆرم لێکراوە.

 

لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، ڕاپۆرتدەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خاکەکانی فەڵەستین، کار بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکەی کردووە و دوێنێ سێشەممە لە چوارچێوەی ٥٥ەمین دانیشتنی مافی مرۆڤدا بڵاویکردەوە، تێیدا ڕادەی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیلی دژی هاوڵاتیانی مەدەنی لە غەززە ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە غەززە تاوانی جینۆسایدی تیادا ئەنجام دەدرێت.

 

ڕوونیکردەوە لە ساڵی ١٩٤٧ەوە گەلی فەڵەستین بە دۆخی خراپدا تێپەڕیوە ئەوەش ڕێگا بۆ جینۆساید خۆش دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی زیاترە بۆ ئەوەی دیاری بکەین کە ئایا ئەوەی لە ساڵی ١٩٤٨ ڕوویدا جینۆسایدە یان نا، ئیسرائیلیش دەستکاری یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی کردووە بۆ ئەوەی پاساو بۆ ئەنجامدانی جینۆساید بهێنێتەوە پێشێلکارییەکان لە غەززە کپ بکات.

 

هەروەها ڕەخنەی لە گۆڕینی ئامانجەکانی ئیسرائیل گرت و ڕایگەیاند، ئامانجەکەی لەناوبردنی بزووتنەوەی حەماسە و وتی: کردەوەکانی ئیسرائیل بووە هۆی کوشتنی زۆرێک لە خەڵکی سڤیل، ئەگەر دادگای تاوانەکان بە هەڵوێستبوایە لە لێکۆڵینەوە لە غەززە، ئەوا بۆ دەیان ساڵ سەرقاڵ دەبوو.

 

جەختی لەوە کردەوە، ئەوەی ئیسرائیل لە غەززە دەیکات، دروستکردنی هەلومەرجێکە کە ژیان بۆ فەلەستینییەکان ئەستەم دەکات، هەروەها ئەو ڕاپۆرتەی کە ئامادەی کردووە ئامانجیەتی پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان پشتڕاست بکاتەوە دەشڵێت پێویستمان بە هێزێکە کە فەلەستینییەکان لە ئیسرائیلییەکان جیا بکاتەوە.