لە هەر دە کۆمپانیا هەشت کۆمپانیا مووچەی زیاتر بە پیاوان دەدەن وەک لە ژنان

سەرەڕای بەردەوامی هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی جێندەری، جیاوازی مووچە لەسەر بنەمای جیاوازی جێندەری هێشتا ٪٩.٤ یە، کە هەمان ئاستی ساڵی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٨ یە کە بۆ یەکەمجار کۆمپانیاکان داوایان لێکرا ژمارەکان بڵاوبکەنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرەڕای بەردەوامی هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی جێندەری، جیاوازی مووچەی ژنان و پیاوان هێشتا ٪٩.٤ یە، کە هەمان ئاستی ساڵی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٨ یە کە بۆ یەکەمجار کۆمپانیاکان داوایان لێکرا ژمارەکان بڵاوبکەنەوە.

 

بەپێی یاسا، کۆمپانیاکان، ڕێکخراوە خێرخوازیەکان و بەشەکانی کەرتی گشتی کە ٢٥٠ کارمەند یان زیاتریان تێدایە، دەبێت ئاماری جیاوازی مووچەی ژنان و پیاوانی خۆیان لە ماڵپەڕی خزمەتگوزاری جیاوازی مووچە لەسەر بنەمای جیاوازی جێندەری بڵاوبکەنەوە.

 

ئەمەش بەشێکە لە دەستپێشخەرییەکانی حکومەت بۆ ناچارکردنی بازرگانەکان کە ڕاست و ڕوون بن سەبارەت بە مووچەی کارمەندەکانیان کە تا چەندێک هەوڵیانداوە جیاوازی جێندەری کەمبکەنەوە،  لە ئەنجامدا ١٠ هەزار و ٢١٧ خاوەنکار ئامارەکانیان  ڕایانگەیاندووە.

 

کەرتی بانکی و دارایی لە خراپترین ئاستدا ماونەتەوە بۆ پێدانی موچەی یەکسان بۆ ژنان و پیاوان ، ژنان بە تێکڕا ٢٢.١٪ کەمتر لە هاوکارە پیاوەکانیان داهاتیان هەیە، لە کاتێکدا کەرتی پیشەسازی بە تەنها بە ڕێژەی ٠.٤ ٪ جیاوازییەکەی کەمکردووەتەوە بە بەراورد بە پێنج ساڵ پێش ئێستا.

 

لەلایەکی دیکەوە کەرتی بیناسازی بە ڕێژەی ٢.٦٪ جیاوازییەکەی کەمکردووەتەوە، بەڵام هێشتا تاڕادەیەکی زۆر بە نایەکسانی ماوەتەوە، بەجۆرێک کە تێکڕای ژنێک ٧٨ پاوەندی بەدەستهێناوە بۆ هەر یەک پاوەند کە پیاوێک بەدەستی دەهێنێت.

 

هەندێک بازرگانی هەن کە زیاتر پارە بە ژنان دەدەن لە پیاوان لەوانە کۆمپانیای ئەیرباس ئۆپەراسیۆن ٪١٧.٧ ئازێبرا پەی ٪١٦.٩ و خزمەتگوزارییەکانی DHL ٪١٢ بەڵام ئەمەش ژمارەیەکی کەمە ئەگەر بەراوردبکرێت بە ئاستی گشتی کۆمپانیاکان.

 

لە کۆتایشدا ئامارێکی گشتی بۆ بەشێک لە  ناوەندەکانی کارکردن و ڕێژەی موچەی ژنان و پیاوان خراوەتەڕوو، کۆمپانیا کیمیاییەکان ٪٥ لە بەرژەوەندی ژنان موچە دەدەن، تەکنەلۆژیای بانکی  ٪١٣.٤ لە بەرژەوەندی پیاوان موچە دەدەن، بەشێک لە گروپی کۆمپانیاکان بەهەمان شێوە ٪٢٠ لە بەرژەوەندی پیاوانە، کۆمپانیای کشتوکاڵی سنووردار ٪٩.٢ لە بەرژەوەندی پیاوان موچە دەدەن.