هاوین، قەیرانەکانی عێراق قوڵ دەکاتەوە

کۆبوونەوەی قەیرانەکانی ئاو و کارەبا لە عێراق، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای هاوین بۆ دانیشتووانەکەی سەختتر دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

وەرزی هاوین لە عێراق نموونەی کۆبوونەوەی چەندین قەیرانە پێکەوە، قورسایی لەسەر ژیانی دانیشتووانەکەی زیاد کردووە وەک، خراپی سیستمی کارەبا، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمی ئاو.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریداوە کە عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی گۆڕانی هەوا بە توندی کاریگەری لەسەری هەیە، چەند ناوچەیەکی بەغدا کە نزیکەی نۆ ملیۆن کەسی تێدایە، ئاوی ڕووباری دیجلە قوڵاییەکەی بە بەراورد بە ڕابردوو کەمی کردووە، لەبەشێکیدا ئەگەر کەسێک بچێتە ناوی ئاو تا ئاستی کەمەری دێت.

 

جگە لە دابەزینی ئاستی بارانبارین، دەسەڵاتدارانی عێراق دەڵێن دروستکردنی بەنداو لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی قەبارەی ئاوی ڕووبارەکان لە دیوی عێراق هەیە.

 

عێراقی دەوڵەمەند بە نەوت بەهۆی دەیان ساڵەی ململانێ و سزا نێودەوڵەتییەکان وێران بووە، بۆ دابینکردنی یەک لەسەر سێی پێداویستییەکانی وزە پشت بە هاوردەکردنی غازی ئێران دەبەستێت، هەروەها گەندەڵی بەربڵابووە هەموو سێکتەرەکان، ئێستا بەدەست وێرانبوونی ژێرخانی وڵاتەکەیەوە دەناڵێنێت، کە توانای دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەک پێویست بۆ هاوڵاتیان نیە.

 

لە ڕۆژێکدا پچڕانی کارەبا زیاتر لە  ١٠ کاتژمێر دەخایەنێت، لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دابینکردنی کارەبای گشتی خراپتر دەبێت، ئەو کەسانەی کە توانای داراییان هەیە پشت بە کارەبای مۆلیدەی گەڕەکەکان دەبەستن بۆ ئەوەی قەرەبووی خراپی کارەبای گشتی بکەنەوە.

 

وێستگەکانی کارەبای عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پچڕانی کارەبای هاوڵاتیان ڕۆژانە پێویستیان بە بەرهەمهێنانی زیاتر لە ٣٢ هەزار مێگاوات دەبێت، ئەمساڵ بۆ یەکەمجار عێراق بە تێکڕا ٢٦ هەزار مێگاوات لە ڕۆژێکدا بەرهەمدەهێنا، تا سەرەتای مانگی تەمموز بەرهەمهێنانی دابەزیەوە بۆ ٢٤ هەزار مێگاوات، بەهۆی کەمبوونەوەی هەناردەی غاز لە وڵاتی ئێران.

 

لە کاتێکدا هەفتەی یەکەمی مانگی تەمموز گەرمترین هەفتەی تۆمارکراو بوو لە جیهان، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی ڕێکخراوی کەشناسی جیهانی WMO، عێراق کۆتایی هەفتەیەکی سووتێنەری دەبێت، بەهۆی نزیکبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ٥٠ پلەی سیلیزی.

 

بەپێی ڕاپۆرتی کەشناسی وڵات، بڕیارە ڕۆژی شەممە پلەکانی گەرمای بەغدا بۆ ٤٧ پلە و بەسرە بۆ ٥٠ پلە بەرزببنەوە.