ڕۆزماری چەندین سوودی تەندروستی هەیە

ڕۆزماری تام و بۆن بۆ خواردنەکان زیاد دەکات، هەروەها چەندین سوودی تەندروستی وەک کەمکردنەوەی ئازاری ماسولکەکان، بەرزکردنەوەی سیستەمی بەرگری لەش و باشترکردنی یادەوەری هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆزماری گیایەکی هەمیشە سەوز و بۆنخۆشە زیاتر لە دوو ساڵ دەژی، لە بنەڕەتدا لە ناوچەکانی دەریای ناوەڕاست سەریهەڵداوە، وەک بەهاراتی چێشتلێنان، دروستکردنی بۆنی جەستە، هەروەها بۆ سوودە تەندروستییە بەکاردەهێندرێت.

 

گیایەکە نەک تەنها لە خواردن تامێکی خۆشی هەیە، بەڵکو سەرچاوەیەکی باشی ئاسن و کالیسیۆم و ڤیتامین بی-٦ ە، بە شێوەیەکی گشتی وەک گیایەکی وشککراوەی تەواوە یان وەک پۆدرە ئامادە دەکرێت، ئەم گیایە بەهۆی تایبەتمەندییە پزیشکییەکانیەوە لە کۆنەوە ستایش دەکرێت.

 

 ڕۆزماری بە شێوەیەکی نەریتی بۆ یارمەتیدانی کەمکردنەوەی ئازاری ماسولکەکان، باشترکردنی بیرەوەری، بەرزکردنەوەی بەرگری، سیستەمی سووڕی خوێن و بەهێزبوونی گەشەی قژ بەکاردەهێنرێت.

 

ڕۆزماری سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە دژە ئۆکسێنەر و پێکهاتەی دژە هەوکردن، یارمەتی بەرزکردنەوەی سیستەمی بەرگری لەش و باشترکردنی سوڕی خوێن دەدات، لە ئەوروپا ڕۆزماری بۆ یارمەتیدانی هەرس بەکاردێت، بەڵام لە ئێستادا هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە کە پشتگیری بکات.

 

بۆنی ڕۆزماری دەتوانێت تەرکیز، کارایی، خێرایی و وردبینی کەسەکە و باری دەروونی باشتر بکات، زانایان بۆیان دەرکەوتووە ڕۆزماری پێکهاتەیەکی تێدایە پێی دەوترێت ترشی کارنۆزیک، یارمەتی پاراستنی مێشک دەدات، هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ڕۆزماری بۆ ئەو کەسانە بەسوودە کە تووشی جەڵتەی مێشک بوون، هەروەها بڵاوبوونەوەی خانە شێرپەنجەییەکان خاودەکاتەوە.

 

ڕۆزماری دەتوانێت کاریگەری لەسەر چالاکیی هەندێک دەرمان هەبێت کە پێویستە لە کاتی بەکارهێنانی ڕاوێژ بە پزیشکی شارەزا بکرێت، لەوانە، وارفارین، ئەسپرین و کلۆپیدۆگرێل، دەرمانەکانی چارەسەری بەرزی پەستانی خوێن وەک لیسینۆپریل (Zestril)، فۆسینۆپریل (Monopril)، کاپتۆپریل (Capoten) و ئێنالاپریل (Vasotec).