"کەمپەینی کەژەکە بۆ ئێمە مایەی خۆشحاڵییە"

جێگری دەستەی جێبەجێکاری بزووتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزدی و ئەندامێکی ئەنجومەنی خانەسۆر باسی ئەو کەمپەینە دەکەن کە لەلایەن کەژەکەوە دەستیپێکردووە و دەڵێن: هێزێکی ئاوا گەورە لەپشتمانەوەیە، هێزمان لە زیادبووندایە و جێی خۆشحاڵییە.

نوژین ئێزدی

 

شەنگال- لە ٩ی تەمموزدا، کۆردیناسیۆنی "کەژەکە" بۆ ساڵیادی کۆمەڵکوژی ٣ی ئاب لە شەنگال و دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان لە ١٥ی ئاب لەلایەن تاڵیبانەوە، ڕایگەیاند کە کەمپەینێک بە دروشمی "دژی هێرشی نێرینەی هەژموونگەرا ئێمە لەگەڵ ژنانی ئەفغانی و شەنگالین" دەستپێدەکات.

 

کۆردیناسیۆنی کەژەکە ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەم کەمپەینە بۆ ناساندنی قڕکردنی ژنان لە جیهاندا وەک تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی دەستپێدەکات.

 

جاکلین حەسەن، جێگری دەستەی جێبەجێکاری بزووتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزدی، لەو بارەیەوە وتی: ئەو کەمپەینەی کە لەلایەن کەژەکەوە دەستیپێکردووە جێی خۆشحاڵییە و پێویستە ئێمە وەک ژنانی ئێزدی پشتیوانی لەم کەمپەینە بکەین، لە ساڵیادی فەرمانەکە نزیک دەبینەوە، لەم کاتەدا دوو ژنی گەنجی ئێزدی ڕزگارکران، ئەمە جێی خۆشحاڵییە، چونکە ئەم ئازارە ئازاری هەموو ژنانە، پێویستە هەموو ژنان پشتگیری یەکتر بکەن.

 

"پێویستە هەموو کەسێک خۆی پەروەردە بکات"

جاکلین حەسەن تیشکی خستەسەر گرنگی پەروەردە و وتی: لە ساڵیادی فەرمانەکەدا، وەک ژنانی ئێزدی دەبێت خۆمان ئامادە بکەین بۆ چالاکی جۆراوجۆر، بۆ ئەوەی هەموو ژنێک بتوانێت خۆی بەڕێوەببات، ئێمە لە هەوڵداین بۆ پەروەردەکردنی هەموو ژنان، چونکە پێویستە هەموو کەسێک خۆی پەروەردە بکات و گەشە بەخۆی بدات.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا جاکلین حەسەن وتی: ئێمە وەک ژنان لە شەنگال تا کۆتایی خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەین و هەموو ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا دەپارێیزن، بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ژیانێکی ئازاد بەدەست دەهێنین.

 

"هێزێک لە پشتەوەیە و هێزمان زیاد دەکات"

نورێ شەنگال، ئەندامی ئەنجومەنی خانەسۆر لەبارەی کەمپەینەکەوە وتی: زۆر دڵخۆش بووین بەو کەمپەینە، کاتێک کەسێک دەزانێت کە هێزێکی ئاوا گەورە لە پشتیەوەیە، هێزی زیاد دەبێت، ئەوە خۆشحاڵییە، چونکە ئازاری ئێمە زۆر گەورەیە و ئازاری ژنێک هی هەموو ژنانە، هەر کاتێک فەرمانەکان جێبەجێ دەکرێن، لە سەرەتادا هێرش دەکرێتەسەر ژنان، لە ئەفغانستانیش هەمان شت بوو، ئەمڕۆ هێرش دەکەنە سەر ژنان و هەراسانیان دەکەن و هەموو شتێک قەدەغە دەکەن، ئامانج لێی شکاندنی ژنانە، ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، ئەو ژنەی لە چەوسانەوە ڕزگاری دەبێت ئازاد دەبێت، بارودۆخی ژنان لە شەنگالیش پێشتر باشتر نەبوو لە ژنانی ئەفغانستان، بەڵکو دوای بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، بارودۆخی ژنان گۆڕا، ژنان ئێستا بەدوای ئازادیدا دەگەڕێن، ئەمڕۆ ژنان دەتوانن هەر کارێک بکەن کە دەیانەوێت، بەڵام پێشتر، لەبەر ئەوەی لەژێر ستەمی پیاواندا بوو، نەیاندەتوانی لە ماڵ دەربچن.

 

"هێزی پێویستمان هەیە"

لە کۆتایی قسەکانیدا، نورێ شەنگال تیشکی خستەسەر هێزی شەنگال و ڕایگەیاند، پێویستیان بە هیچ هێزێک نییە و وتی: پێویستە هەموو ژنان فێری چەک بن، ئەگەر ڕۆژێک دوژمن هێرش بکاتە سەرمان، ئێمە لە پشت هێزەکانمان دەبین و بەرگری دەکەین، قبوڵی ناکەین هێزێکی دیکە بێتە ناو شەنگال و شەنگال بفرۆشێت، هێزی ئێمە بە بیرۆکەی ڕێبەر ئاپۆ دروستبووە و بۆ ئێمە بەسە.