دوو ملیۆن کەس لە کۆماری کۆنگۆ ئاوارەبوون

دەرەنجامەکانی شەڕ و ململانێکانی کۆماری کۆنگۆ، سەرباری ئاوارەبوونی هاوڵاتیان زیادبوونی مەترسیداری دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان دەردەخات.

ناوەندی هەواڵ

 

شەڕ، ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ DRC پەرەیسەندووە، توندوتیژییەکانی سەرهەڵدانەوەی نێوان گروپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان و هێزە حکومییەکان لە سەرانسەری پارێزگاکانی کیڤۆی باکوور، کیڤۆی باشوور و ئیتوری ڕاگەیەندراوە.

 

لە ئەنجامدا لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٢٢ەوە ٢.٨ ملیۆن کەس لە سەرانسەری ئەو پارێزگایانە ئاوارە بوون، لە نێوان پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، کوشتن و ئەشکەنجەدانی خەڵکی مەدەنی، تاڵانکردنی ناوەندە تەندروستییەکان و ماڵی هاوڵاتیان و وێرانکردنی قوتابخانەکان بەشێکی دیکەی ئەو تاوانانەیە کە لەو پارێزگایانە ئەنجامدەدرێن.

 

بەگوێرەی تۆڕێکی هەماهەنگی پاراستنی نێوان دەزگاکان کە کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی کردووە، داتاکان زیادبوونی مەترسیداری توندوتیژی سێکسی دژی ژنان ئاشکرادەکەن، لە ٪ ٦٦ی کۆی زیاتر لە ١٠ هەزار کەس لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ لە باکووری کیڤو کە دەستیان بە خزمەتگوزارییەکانی توندوتیژی جێندەری گەیشتووە، ژنان بوون کە  دەستدرێژیان کراوەتە سەرە، بەشێکی زۆری لەلایەن چەکدارەکانەوە ئەنجامدراوە.

 

نا ئاسایشی خۆراک و نەبوونی دەرفەتی پەیداکردنی بژێوی ژیان، مەترسی پێشێلکارییەکان و ئازاردانی ژنانی زیاد کردووە، پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی، چاودێری دەروونی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بەشێکن لە ڕێکارەکانی پاراستن و پاڵپشتیکردنی ژنان لە توندوتیژی و دەستدرێژییەکان.

 

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ و یونیسێف، کاریانکردووە بۆ ناسینەوە و گواستنەوەی زیاتر لە ٢٠ هەزار کەسی ئاوارە، لە پەناگەی سەلامەتی خوەک کانیاروچینیا و بولێنگو لە شاری گۆما و دەوروبەری نیشتەجێکراون، نەبوونی ئاستی پێویستی پاڵپشتی نێودەوڵەتی، کەمبوونەوەی ئاستی بودجە لە ئاستەنگییە بەرچاوەکانن

 

لە کۆماری دیموکراتیکی کۆنگۆدا ٥٢٢ هەزار پەنابەر هەن، زیاتر لە ٦.٣ ملیۆن کەس لە سەرانسەری وڵاتدا بەهۆی شەڕ و توندوتیژییەکانەوە لە ناوخۆدا ئاوارەبوون، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە گەورەترین قەیرانەکانی ئاوارەبوونی ناوخۆیی لە سەرانسەری جیهان.