وەرزی گەرما و زیانەکانی تیشکی خۆر لەسەر پێست

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و بەتین بوونی تیشکی خۆر زیان بە پێست دەگەیەنێت، لە هەمانکاتدا ڕێکارەکانی خۆپارێزی یارمەتی مانەوەی بە تەندروستی دەدات.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و مانەوە بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژێر تیشکی خۆر چەندین زیانی تەندروستی بە پێست دەگەیەنێت، لە مانگەکانی هاویندا شێ و گەرما زیاد دەکات، ڕژێنە چەورییەکان زیاتر چالاک دەبن، ئەمەش وا دەکات پێست چەورتر دەربکەوێت و پێستی وشک زبر دەربکەوێت، هەروەها توندی تیشکی خۆر دەبێتە هۆی گۆڕانی ڕەنگی پێست بەهۆی بەرهەمهێنانی زیاتری میلانین.

 

دکتۆرە ئاشتی ئەحمەد سەعيد بەرزنجی، پسپۆڕی پێست وجوانکاری زیانەکانی تیشکی خۆر لە وەرزی گەرما بە چەند خاڵێک ڕووندەکاتەوە.

 

بەرکەوتنی تیشکی خۆر بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بە تایبەتی لە کاتی نیوەڕوان دەبێتە ھۆی زیانگەیاندن بە پێست وەک، تۆخبوونی ڕەنگی پێست، سووربوونەوە و سوتانی پێست، درووستبوونی ماڵە و پەڵە، تێکچوونی تێکسچەر و لە ناوچوونی کۆلاجینی پێست، پیربوونی پێش وەختە، چرچبوون و نەمانی ڕەونەقی پێست.

 

خۆر دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی بە رگری، زیادبوونی ڤایروسی تامێسک، بالووکە و نە خۆشی گورگە سوورە، هەروەها دروستبوونی شیرپەنچەی پێست.

 

چەند ڕێکارێکی خۆپارێزی دەتوانرێت سوودی لێببینرێت بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان، دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر بە تایبەتی لە کاتی نیوەڕوان یارمەتی کەمکردنەوەی زیانگەیاندن بە پێست دەدات.

 

بەرکاهێنانی دژە خۆرگرنگە بۆ مانەوەی پێست بە تەندروستی ئەگەر ڕۆژەکە خۆر بێت یان سێبەر، هەروەها لە کاتی مانەوە لەبەردەم خۆر بەردەوامی دەبیت دوو کاژمێر جارێک دژەخۆر تازە بکرێتە.

 

بۆ دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر، لەبەرکردنی جلی داپۆشراو، ڕەنگ کاڵ بۆ بەرخۆر یارمەتی پاراستنی پێست دەدات، بەکارھێنانی شەبقە و چە تر دەتوانرێت وەک پارێزەر سوودی لێببینرێت.