عەریفە بەکر: دەبێت هاوبەشی و یەکسانی لە دەستووری سووریادا هەبێت

عەریفە بەکر، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی ژنانی سووریا باس لە ڕۆڵی ژنان لە دەستووری سووریا دەکات و دەڵێت: دەبێت ڕۆڵێک بۆ ژنان لە دەستووری سووریا هەبێت.

نەغم چاچان

 

قامیشلۆ- لە قۆناغێکی گرنگی مێژووی سووریادا، ژنانی سووریا بە بەشداریکردن لە داڕشتنی دەستوورێکی نوێدا دێنە پێشەوە، داوای دەستوورێک دەکەن کە مسۆگەری دادپەروەری و یەکسانی و هاوکاریی ڕاستەقینە بکەن.

 

عەریفە بەکر، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی ژنانی سووریا لەبارەی ڕۆڵی ژنان لە دەستووری سووریا بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: حکومەتی کاتی هیچ هەنگاوێکی بۆ ماف و بوونی ژنان لە سووریا نەناوە، هەروەها لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاواوە تا ئەمڕۆ ژنان خەبات و بەخۆدانت بێوێنەیان ئەنجامداوە و دەستکەوتی زۆریان بەدەستهێناوە، ئەنجومەنی ژنانی سووریا لەم شۆڕشەدا ڕۆڵی هەبووە و لە ساڵی ٢٠١٧ەوە تا ئەمڕۆش کار و هەوڵی گەورەیان ئەنجامداوە، زیاتر لە ساڵێکە بەسەر دەسەڵاتی حکومەتی کاتی لە سووریا تێپەڕیوە، بەڵام هیچ هەنگاوێکی بۆ بوون و ناسنامە و مافی ژنان لە سووریا نەناوە. بە بەراورد لەگەڵ خەباتی ژنان لەم ساڵە دوور و درێژانەدا، ئەو هەنگاوانەی کە حکومەتی کاتی بۆ ژنان دەست پێکردووە زۆر لاوازن.

 

”پێویستە یەکسانی و هاوبەشی لە دەستووردا هەبێت”

عەریفە بەکر ئاماژەی بەوەدا، کە پێویستە ڕۆڵی ژنان بخرێتە ناو دەستووری سووریاوە و وتی: لە هەموو ئەو ئەنجومەن و پەرلەمان و گفتوگۆ نێودەوڵەتییانەی کە حکومەتی کاتی ئەنجامیاندا، پشکی ژنان زۆر لاوازە، زۆر بڕیار درا، وەک بڕیاری ”ویسا”لەسەر ژنان، ئێمە ناڕەزایی خۆمان لەم بڕیارە دەربڕی، قبوڵ ناکرێت ویسا ڕۆڵی هەبێت بۆ ژن، چونکە ژن ئیرادەی هەیە، دەتوانێت بڕیاری خۆی بدات و بەرگری لە خۆی بکات، پێویستە لە دەستووری سووریادا ڕۆڵێک بۆ ژنان هەبێت. چونکە لە سەرەتای شۆڕشەوە تا ئەمڕۆ ژنان خەباتیان کردووە، ماندوو بوون و موچەی زۆریان داوە، پێویستە یەکسانی و هاوبەشی لە دەستووردا هەبێت.

 

”پێویستە کۆنفرانسی هاوبەشی ژنان لەسەر ئاستی سووریا بەڕێوەبچێت”

عەریفە بەکر وتی: یەکێک لە داواکارییەکانیان مسۆگەرکردنی مافەکانی ژنانە لە دەستووری سووریا و وتی: پێویستە کۆنفرانسێکی هاوبەش لەگەڵ سەرجەم ڕێکخراو و تەڤگەریەکانی ژنان لە سووریا ببەسترێت، کۆنفرانسێکی هاوبەشی دیالۆگ بۆ دەربڕینی ئەوەی کە داواکارییەکانی ژنان لەم حکومەتی کاتییە چییە، داواکارییەکانمان ئەوەیە کە ڕۆڵی ژنان لە دەستووردا بە شێوەیەکی هاوبەش و یەکسان مسۆگەر بکرێت.

 

”ژن بەهۆی ڕۆڵ و پێگەیانەوە نیوەی کۆمەڵگە نییە، بەڵکو کۆمەڵگە خۆیەتی”

عەیفە بەکر سەرنجی بۆ ئەو دەرفەتانە ڕاکێشا کە خۆبەڕێوەبەری بۆ ژنان کردوویانەتەوە و وتی: خۆبەڕێوەبەری چەندین هەنگاوی ئەرێنی بۆ بوونی ژنان ناوە، وەک هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی و سیستمی هاوسەرۆکایەتی، ئەمەش ڕێگەی خۆشکردووە بۆ ئەوەی ژنان خاوەنی بڕیار و بوون و کارکردنی خۆیان لە هەموو بوارەکاندا بن، لە سیستەمی خۆبەڕێوەبەریدا ژنان چەندین مافیان بەدەستهێناوە. هەر بۆیە ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا قەبووڵی ناکەن کە مافەکانیان کەمتر بێت لە مافەکانی پیاوان، ژن نیوەی کۆمەڵگە نییە، هەموو کۆمەڵگەیە، ئێمە سووریایەکمان دەوێت کە مافەکانی ژنان بپارێزێت، سووریایەکی ناناوەندی و دیموکراتیک کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا پارێزراو بێت، چونکە سووریا ڕەنگاوڕەنگە، خەباتمان بەردەوام دەبێت تا لە دەستووری سووریادا جێگەی خۆمان دەگرینەوە.