دۆخی تەندروستی نێرگس محەمەدی مەترسیدارە و براکەی هۆشداری دەدات
حەمید ڕەزا محەمەدی برای نێرگس محەمەدی هۆشداری دەدات لە خراپی دۆخی تەندروستی خوشکەکەی و دەڵێت: ئێستا تەندروستی مەترسیدارە و بەبەکارهێنانی ئامێری ئۆکسجین هەناسە دەدات.
ناوەندی هەواڵ
حەمید ڕەزا محەمەدی برای نێرگس محەمەدی زیندانیی سیاسیی ئێران، لە سەر دۆخی تەندروستی خوشکەکەی نێرگس لە لێدوانێکدا بۆ ڕادیۆی فەردا ڕایگەیاند، دوای گواستنەوەی خوشکەکەم لە گرتووخانەی زەنجانی ئێران بۆ نەخۆشخانەیەکی ئەو شارە بۆ بەشی چاودێری چڕ توانیمان بیبینین، بارودۆخی تەندروستی نێرگس مەترسیدارە و بەبەکارهێنانی ئامێری ئۆکسجین هەناسە دەدات.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر شەش پزیشک ڕێنمایییان داوە کە دەبێت نێرگس محەمەدی لانیکەم بۆ ماوەی مانگێک لە گرتووخانە دوور بکەوێتەوە و چارەسەر وەربگرێت، دەسەڵاتدارانی دادوەریش دانیان بەوەدا ناوە کە ڕێگر بوون لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە.
ئەوە لە کاتێکدایە، ڕۆژی هەینی ڕابردوو نێرگس محەمەدی زیندانیی سیاسیی ئێران لە گرتووخانەی زەنجان بە بێهۆشی بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری زەنجان گواسترایەوە و تووشی جەڵتەی دڵ بووە.