کۆمیتەی نۆبڵی نەرویج دەربارەی نێرگس محەمەدی هۆشداری دەداتە ئێران

یورگن فاتنە فریدنز، سەرۆکی کۆمیتەی نۆبڵی نەرویج نیگەرانی خۆی لە خراپی دۆخی تەندروستی نێرگس محەمەدی دەربڕی و داوا لە دەسەڵاتدارانی ڕژێمی ئێران دەکات بۆ چارەسەرکردنی بگوازرێتەوە بۆ تاران.

ناوەندی هەواڵ

 

یورگن فاتنە فریدنز، سەرۆکی کۆمیتەی نۆبڵی نەرویج دەربارەی بارودۆخی نێرگس محەمەدی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، داوا لە کاربەدەستانی ئێران دەکەین دەستبەجێی ڕازی بن بە گواستنەوەی نێرگس محەمەدی بۆ تاران بۆ بەردەوامی چارەسەرکردنەکەی لە نەخۆشخانە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕازی نەبوون بە گواستنەوەی نێرگس لە نەخۆشخانەیەکی شاری زەنجان بۆ تاران هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی، ئێستا ژیانی نێرگس لە دەستی دەسەڵاتدارانی ئێراندایە.

 

جەختی لەوە کردەوە، لیژنەی نۆبڵ پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەری نێرگس محەمەدی هەیە.

 

جێی ئاماژەیە، ڕۆژی هەینی ڕابردوو نێرگس محەمەدی   لە گرتووخانەی زەنجان دوای ئەوەی دووجار بێهۆش بوو تووشی جەڵتەی دڵ بووە و بەپەلە بۆ نەخۆشخانەیەکی زەنجان گواستراوەتەوە.

 

بە وتەی مستەفا نیلی پارێزەری نێرگس محەمەدی، داواکاری گشتیی تاران ڕێگری لە گواستنەوەیە محەمەدی  دەکات بۆ تاران، بە پێچەوانەی بۆچوونی پزیشکی دادوەری و پسپۆڕان کە جەختیان لەسەر پێویستی چارەسەری ناوبراو لە تاران و لە ژێر چاودێری پزیشکی کەسیدا کردووەتەوە.