پێشانگای "سلێمانی بەڕەنگی منداڵان" لە گەلەری ئارتفرۆش کرایەوە

لە یادی ٢٤١ ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی، بە بەشداریکردنی ٢٠ خوێندنگەی شارەکە و ژمارەیەک لە مندڵان بە وێنە و گۆرانی، پێشانگای "سلێمانی بەڕەنگی منداڵان" لە لایەن گەلەری ئارتفرۆشەوە کرایەوە.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ١٧ی تشرینی دووەم، لە گەلەری ئارتفرۆش، لە شاری سلێمانی، لە یادی ٢٤١ ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانیدا، پێشانگای "سلێمانی بەڕەنگی منداڵان"، بە بەشداری ٢٠ خوێندنگەی ناحکومی لە شاری سلێمانی،  بە سەرپەرشتی مامۆستایانی هونەر کرایەوە، خوێندکاران لە ڕێگەی کێشانی چەندین تابلۆی هونەری و کولتووری، کە تێیدا تێڕوانینی خوێندکاران لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا لەسەر تابلۆکان بەدی دەکرا، بەشدارن و پێشانگاکە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

 

''منداڵان ئامانجیان بونیادنانی سلێمانییەکی نوێییە''
ڕەبەن عیزەت، ڕێکخەری پڕۆژەی ئارتفرۆش، باسی لە وەکرد، ئارتفرۆش بە بۆنەی ٢٤١ ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانییەوە، پێشانگایەکی بە ناونیشانی "سلێمانی بەڕەنگی منداڵان"، کردەوە، کە  لە ١٧تا ٢٠ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت، هەروەها وتی: پێشانگاکە لە کۆمەڵێک تابلۆی جوانی شاری سلێمانی پێکهاتووە، کە لە لایەن ٢٠ خوێندکاری خوێندنگەی ناحکومی شاری سلێمانییەوە کاری بۆ کراوە، ئێمە ئەمڕۆ توانیمان ئەو نیگارانەی منداڵان کە لە تێڕوانینی خۆیان بۆ شاری سلێمانی هەیانە بخەینەڕوو، لە تابلۆکاندا بیرۆکەی منداڵان بۆ شارەکەیان دەکەوێتە بەرچاومان، کە بە ئامانجی تێکنەدانی کولتووری شارەکە دەیانەوێت شارێکی نوێ بونیادبنێن، هەروەها لە ناو پێشانگاکەدا چەند تابلۆیەک بۆ خوێندکاران داندراون تا ئەوەی خولیای دەکەن لە ناو پێشانگاکەدا بیکێشن. 


''لە ڕێگەی تابلۆکانیانەوە پەرە بە شاری سلێمانی دەدەن'' 
لیندا قەرەداغی، مامۆستایی هونەر لە کۆمەڵگەی پەروەردەی ستار سماڕتی نێودەوڵەتی لە شاری سلێمانی، ئاماژەی بەوەکرد، خوێندکارەکانیان بە تابلۆیەک لە پێشانگای ''سلێمانی بەڕەنگی منداڵان''، بەشداریان کردووە، وتیشی: خوێندکارەکانمان بە گروپ لە قۆناغەکانی ٦، ٧، ٩ بەشداریان لە دروستکردنی ئەو تابلۆیەدا کردوە، ئامانجمان لە بەشداری پێکردنی خوێندکارەکانمان ئاشناکردنیانە بە شوناس و کولتووری شارەکەمان، هەروەها ئەم پێشانگایە ئامانجی تێڕوانینی منداڵانبوو لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی شاری سلێمانی، خۆشبەختانە منداڵەکان بۆ داهاتوو بیرۆکەی دروستکردنی میترۆ و پاسپۆڕتی هەرێمی کوردستانیان نەخشاندووە، لە نەخشاندنەکانیشیاندا کولتووریان نەشێواندووە، کە ئەم تێڕوانینانە دەری دەخەن نەوەی داهاتوو لە چوارچێوەی کولتووردا پەرە بە شارەکەیان دەدەن. 

 

"خوێندکاران بە چالاکی هونەری و شێوەکاری بەشداریان کردووە"
مینا هۆگر، خوێندکار لە خوێندنگەی ستارسمارت، وتی: من و هاوڕێکانم بۆ ساڵیادی دامەزراندنی شاری سلێمانی بەشداریمان لەم پێشانگایەدا کردووە، لەگەڵ هاوڕێکانمدا بە گۆرانی بۆ شاری سلێمانی بەشداریمان کرد.


لە کۆتایی قسەکانیدا پیرۆزبائی دامەزراندنی شاری سلێمانی لە هاوڵاتیانی شاری سلێمانی کرد، وتی: پیرۆزبێت یادی شاری سلێمانی.