١١ کەس لە بۆردوومانی بازاڕێک لە باکووری دارفور کوژران

ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدەن لە تێکچوونی خێرای دۆخی سودان، لەگەڵ زیادبوونی پێداویستییە مرۆییەکان و پەرەسەندنی ئاوارەبوون، هاوکات لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا کە بازاڕێکی لە کانگای تەقرو لە باکووری دارفور کردە ئامانج.

ناوەندی هەواڵ

 

سودان یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهان بەخۆیەوە دەبینێت، هاوڵاتی مەدەنی تووشی پێشێلکاری بەرفراوان دەبن لە نێوان پەرەسەندنی ململانێکان و تێکچوونی بارودۆخی ژیان و دووبارەبوونەوەی هێرشی بێ جیاوازی کە شەپۆلی نوێی ئاوارەبوونیان لێدەکەوێتەوە.

 

ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی١٦ی تشرینی دووەم هۆشدارییاندا کە دۆخی مرۆیی لە سودان بە خێرایی بەرەو خراپتر دەچێت، لەگەڵ زیادبوونی پێداویستییەکان و پەرەسەندنی جوڵەی دانیشتوان لە ژێر بارودۆخێکی زۆر مەترسیداردا.

 

جاکلین ویلما پارلیڤلیت، بەرپرسی نوسینگەی لاوەکی "ئونچەر" لە پۆرتسودان، ڕوونیکردەوە، کە هاوڵاتیانی مەدەنی لە بێ هیوایدا دەژین لەکاتێکدا هەوڵی ڕۆشتن دەدەن، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە شاری فاشر ماون، لەکاتێکدا ئەوانی دیکە هەوڵی گواستنەوە دەدەن بەڵام بەهۆی مەترسییەکانەوە، ئەگەری گەڕانەوەیان بۆ فاشر، یان بەهۆی ئەوەی سەر بە زۆرترین گروپی سستن، وەک خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، ڕێگرییان لێدەکرێت بەردەوام بن لە گەشتەکانیان.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداریی سەبارەت بە خراپتربوونی قەیرانی برسێتی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا لە سودان بڵاوکردەوە، کە بەهۆی نەخۆشییەکەوە زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ کەسی گیانی لەدەستداوە، وتەبێژی ڕێکخراوەکە پشتڕاستی کردەوە کە سودان یەکێک لە خراپترین قەیرانەکانی خۆراکی لە جیهاندا بەخۆیەوە دەبینێت، تا مانگی ئەیلوولی ڕابردوو زیاتر لە ٢١ ملیۆن کەس بەدەست ئاستی بەرزی نائاسایشی خۆراکی توندەوە دەیانناڵاند، ئەمەش ڕەنگدانەوەی قەبارەی پەرەسەندنی کارەساتی مرۆییە لەو وڵاتەیە.

 

 ئاماژەی بەوەشدا، کە برسێتی بووەتە ڕاستی لە شارەکانی فاشر و کادوغلی، هەروەها هەڕەشە لە ٢٠ ناوچەی دیکە لە ناوچەکانی دارفۆری گەورە و کۆردۆفانی گەورە دەکات، قەیرانەکە تەنها بە کەمی خۆراک و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە سنوردار نییە، بەڵکو بەهۆی بوونی پاشماوەی تەقینەوەکانی شەڕ و بەردەوامبوونی شەڕەکان زیاتر دەبێت، وەک لەلایەن دەزگای چالاکیی مین لە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستکراوەتەوە.

 

بەرپرسەی خزمەتگوزاری چالاکیی مین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، لە ناوچە شارییەکان کە شەڕەکان توندتر دەبن و مین و تەقەمەنی نەتەقینەوە زۆرن، دۆخەکە تادێت مەترسیدارتر دەبێت بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی کە لە ژینگەیەکدا گیریان خواردووە، لەگەڵ هەر هەنگاوێکدا دەبێتە کوشندە.

 

١١ کەس کوژراون

 ١١ هاوڵاتی مەدەنی کوژران و ١٨ کەسی دیکەش برینداربوون لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا کە بازاڕی نزیک کانگای تەقروی کردە ئامانج، کە دەکەوێتە سنووری نێوان پارێزگای دارفۆری باکوور و ناوچەی دارفور، بە دووری ٣٥٠ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی "مالح"ە لە پارێزگاری دارفۆری باکوور، ئەم بازاڕە هەزاران کانگەری نەریتی لە سەرانسەری سودان سەردانی دەکەن.

 

سەرچاوەیەکی پزیشکی لە باکووری دارفور ڕایگەیاند، بریندارەکان بۆ فریاگوزاری سەرەتایی گواستراونەتەوە بۆ بنکەی تەندروستی عەین بەسارو بەهۆی ئەوەی هیچ پزیشکێکی گشتی لە ناوچەکەدا نییە، ناوەندەکە تەنها یاریدەدەرێکی پزیشکیی هەیە، مەودای نێوان "مالح"ە و عەین بەسارو نزیکەی ١٩٠ کیلۆمەتر دەبێت، هەروەها ڕێکخستنەکان بەردەواممن بۆ گواستنەوەی حاڵەتە مەترسیدارەکان بۆ شوێنێک کە خزمەتگوزاری پزیشکی باشتری هەبێت.

 

شایەتحاڵێک ڕایگەیاند، پێش ڕووداوەکانی ئەم دواییە هیچ ئامادەیی سەربازی نەبووە، بەڵام دوای ئەوەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا کۆنترۆڵی ناوچەی ''ملح''ەیان کرد، ئەو هێزانەی چوونەتە ناوچەکە و کارمەندانی حکومەتیان دەرکرد و پارەی کارگێڕییان لەناو کانەکەدا سەپاند، هەروەها جوڵەی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان بۆ کانەکە و گەڕانەوەیان بیانووی ڕاستەوخۆی بەئامانجکردنی بازاڕی سەرەکی پەیوەست بەو مینە بووە.

 

کانگای تەقرو بە یەکێک لە دیارترین شوێنە نەریتییەکانی کانگاکانی باکووری دارفور دادەنرێت، لە دوای کانگای شاخی عامر لە ڕووی گرنگییەوە، لە ساڵی ٢٠١٥ بە فەرمی خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەو کاتەوە بەهۆی قەبارەی بەرهەمهێنان و گرنگی ئابووری لە ناوچەکەدا بووەتە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات بۆ گەنجینەی دەوڵەت.

 

لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣وە، سودان تووشی ململانێی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بووە، لە ئەنجامدا هەزاران هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون، هەروەها ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا و برسێتی لەنێو دانیشتواندا.