هیومان ڕایتس ۆوچ لەبارەی دەستگیرکردنی چالاکوانەکانان هۆشداری دەداتە ئێران
هیومان ڕایتس ۆوچ لە ڕاگەیەندراوێکدا نیگەرانی خۆی لەبارەی دەستگیر کردنی چالاکوانەکانی مافی مرۆڤی ئێران دەردەبڕێت و ڕایگەیاند، دەبێت بەرپرسانی ئێران دەستبەجێ ئەو کەسانە ئازاد بکەن.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ١٢ی کانوونی یەکەم، لە مەراسیمی یادکردنەوەی خوسرۆ عەلی کوردی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژیی و بەبێ فەرمانی دادوەر ژمارەیەک لە چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێران دەستگیر کران و تا ئێستا چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە، بەو هۆیەوە لە سەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە.
ڕێکخراوی هیومان ڕایتس ۆوچ سەبارەت بە دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: نیگەرانی خۆمان بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران دەردەبڕین کە بە بەکارهێنانی توندوتیژیی دەستگیر کراون لەوانە، نێرگس محەمەدی، سپێدە قولیان، پورام نازەمی، هەستی ئەمیری، عەلی موتەلیب زادە و عەلی ئەدینەزادە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو دەستگیرکردنە لەکاتی مەراسیمی یادکردنەوەی خوسرۆ عەلی کوردی پارێزەری مافی مرۆڤ ڕوویداوە کە لە ماوەی ڕابردوودا بەشێوەی گوماناویی گیانی لەدەستدا.
باس لەوەشکراوە، دەبێت بەرپرسانی ئێران دەستبەجێ و بێ مەرج هەموو ئەو کەسانە ئازاد بکەن کە بە هۆی چالاکییەکانیان دەستگیرکراون.