لە شەوی سەری ساڵدا ژنێک بە فیشەک گیانی لەدەستدا
ئێوارەی دوێنێ ژنێکی ٢٠ ساڵ بە بەرکەوتنی فیشەک گیانی لەدەستدا و هۆکاری ڕووداوەکە نازانرێت، ئەم ڕووداوە کۆتا ڕووداوی ساڵی ٢٠٢١ە و یەکەم حاڵەتی خۆکوشتنیش لە ١ی١ی ٢٠٢١ تۆمارکرا ژنێک بوو بە ناوی شلێر.

ناوەندی هەواڵ
ئێوارەی دوێنێ لە شارەدێی زنانەی سەر بە شارۆچکەی کفری، ژنێکی ٢٠ ساڵ بە ناوی هێرۆ نەجات بەهۆی بەرکەوتنی فیشەک بە سەرییەوە گیانی لەدەستدا و هۆکار و چۆنیەتی ڕووداوەکە نازانرێت.
جێگیری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار، ڕایگەیاندووە، کاتێک تەرمی ژنێکیان هێناوەتە نەخۆشخانە فیشەک بەر سەری کەوتووە، لە کاتی گەشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، تەرمەکەشی ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کەلار کراوە بۆ توێکاری.
ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان ڕوو لە زیادبوونە، یەکەم ڕووداوی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لە ساڵی ٢٠٢١دا، هەوڵی خۆکوشتنی ژنێک بوو بە ناوی شلێر تەمەن ٢٤ ساڵ کە خەڵکی کامێرانی ڕۆژهەلاتی کوردستان بوو، لە ١ی ١ی ٢٠٢١ لە شاری سلێمانی لەسەر پردی پەڕینەوەی چوارچرا، لەسەر شەقامی شەست مەتری، هەوڵی خۆکوشتن دەدات و دەکەوێتە سەر سەیارەیەک، هەرزوو دەگوازرێتەوە بۆ بەشی فریاکەوتنی خێرای نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی و چارەسەر دەکرێت.
شلێر هاوسەرگیری کردوو و ژنی ماڵەوە بوو، لەگەڵ خێزانەکەیدا پەنابەری سیاسیین لە باشوری کوردستان و لە شاری سلێمانی دەژین.
کۆتا ڕووداوی ساڵیش هێرۆ نەجاتی ٢٠ ساڵان بوو، ئەمە لەکاتێکدایە لە ماوەی ئەمساڵدا ٨٤ حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان تۆمار کراوە، ئەوەندەی لە میدیاکان بڵاوکراونەتەوە.
ت.پ