لە دژی گەمارۆی سەر کامپی مەخمور چادر هەڵدرا
دانیشتوانی کامپی پەنابەرانی مەخمور دژی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ تەلبەند کردن و گەمارۆی کامپەکە چادیان هەڵدا و ئاماژەیان بەوەدا کە هیچ کاتێک هەڵوێست و هەوڵەکانی عێراق قبوڵ ناکەین.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ٢٧ کانوونی یەکەمی ٢٠٢١، هێزە سەربازییەکانی حکومەتی عێراق هەوڵیاندا بچنە ناو کامپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی-مەخمور و بە تەلبەند گەمارۆی کامپەکە بدەن، هێزە عێراقییەکان بەهۆی کاردانەوەکانی دانیشتوانی کەمپەکە ناچاربوون بکشێنەوە.
بۆ ڕوونکردنەوەی بارودۆخەکە و پاراستنی کامپەکەش، ئەمڕۆ ئەندامانی ئەنجومەنی خەڵکی کامپی مەخمور لە نزیک خاڵێكی پشکنینی عێراق گردبوونەوە و چادریان هەڵدا، لە بەیاننامەیەکیشدا هەڵوێستی خۆیان نیشاندا.
بەیاننامەکە لەلایەن مامۆستا سەعید چۆمان، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، خوێندرایەوە، تێیدا هاتووە: وەک دەزانن ئەمجارە کامپەکە ڕووبەڕووی هێرشێکی نوێ بووەتەوە، گەمارۆدانی کامپەکە بە تەلبەند لە ڕابردوودا ئەنجام نەدراوە و لە کاتی کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا هەرگیز گفتوگۆی لەبارەوە نەکراوە، بڕیاری گەمارۆدانی کەمپەکە کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دراوە و بۆ ئێمەش هەڵوێستێکی کتوپڕ بوو، حکومەتی عێراق ویستیان کامپەکە گەمارۆ بدەن بەڵام بەهۆی ڕێگری گەلەوە بە شێوەیەکی کاتی وەستێنراوە.
هەر لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە هەڵوێستی گەل کراوە، کە دیموکراتیک و مرۆڤایەتییە، "ئێمە وەک دانیشتوانی کەمپەکە لە ئێستاوە دەڵێین کە هەرگیز ئەو جۆرە ڕێبازە قبوڵ ناکەین و هەمیشە کاردانەوەمان دەبێت، چونکە دەزانین ئەم بڕیارە لەناکاوە بۆ ڕەشکردن و ڕێگرییە لە کامپەکە.
هەروەها بانگیان لە ڕای گشتی کرد تا ئاگاداربن کە لە ئێستاوە دەست بە چالاکی دیموکراتییانەی خۆیان و هەڵدانی چادر دەکەن.
ت.پ