لە نێوان بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەدخۆراکی؛بانگەواز بۆ ڕزگارکردنی دانیشتوانی غەززە لە گەمارۆکە
دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین (ئونراو) خوازیاری هەوڵی هاوبەشی نێودەوڵەتی بوو، بۆ پێشگرتن لە کارەساتی مرۆیی لە کەرتی غەززە بەهۆی گەمارۆی ئیسرائیلەوە کە برسێتی توندتر کردووە.

ناوەندی هەواڵ- دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە سەرەتای مانگی ئاداردا شەڕیان لە کەرتی غەززە دەستپێکردەوە، دەروازەکانیان بۆ فریاگوزاری و سووتەمەنی داخست، ئەمە کارەساتێکی مرۆیی گەورەی بۆ دانیشتوانی کەرتی غەززە دروستکرد.
٤ی ئایار، دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین (ئونراو) لە ڕێگەی ماڵپەری سۆشیال میدیا ئێکسەوە داوای هەوڵی هاوبەشی نێودەوڵەتی کرد، بۆ ڕێگریکردن لە "کارەساتێکی مرۆیی بێ وێنە" لە کەرتی غەززە بەهۆی گەمارۆی هەمەلایەنەی ئیسرائیلەوە.
ئونراو ئاماژەی بەوەدا کە "لەگەڵ ئەوەی گەمارۆی هەمەلایەنەی سەر غەززە دەچێتە ناو هەفتەی نۆیەمی خۆیەوە، هەوڵی نێودەوڵەتی هاوبەش پێویستە بۆ ئەوەی ئەم کارەساتە مرۆییە نەگاتە ئاستێکی بێ وێنە، چونکە دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە لە دەرەوەی خەیاڵدایە".
لە سەرەتای مانگی ئاداردا، قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیل لە نێوان حەماس و هێزەکانی ئیسرائیل کە لە ١٩ی کانوونی دووەم کەوتبووە بواری جێبەجێکردنەوە، کۆتایی هات، بەڵام ئەمی دووەمیان لە ڕێکەوتنەکە پاشگەز بووەوە و لە ١٨ی مانگی ئاداردا هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردەوە، هێزەکانی ئیسرائیل دەروازەکانی کەرتی غەززەیان داخست بۆ یارمەتیدانی فریاگوزاری و سووتەمەنی.
بەپێی داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی، دوو ملیۆن و ٤٠٠ هەزار فەلەستینی لە غەززە بە تەواوی پشت بەو جۆرە هاوکارییانە دەبەستن، دوای ئەوەی ١٩ مانگ لە کۆمەڵکوژی هەژاریان کردووە.
لەگەڵ بەردەوامی گەمارۆی سەر غەززە، برسێتی دەستی کردووە بە وێرانکردنی دانیشتوانی کەرتی غەززە، بەتایبەتی گروپە لاوازەکان، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە ٩٢%ی منداڵانی تەمەن نێوان ٦ بۆ ٢٣ مانگ، هەروەها ژنانی دووگیان و شیردەر، بەهۆی نەبوونی تەنانەت سەرەتاییترین جۆراوجۆری خۆراکی، پێداویستییە خۆراکییەکانیان دابین ناکەن.
هەروەها نزیکەی ٢٩٠ هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ و ١٥٠ هەزار ژنی دووگیان و شیردەر پێویستیان بە تەواوکەری خۆراکی هەیە، بەپێی خەمڵاندنەکان لەمساڵدا زیاتر لە ٦٠ هەزار منداڵ پێویستیان بە چارەسەری بەدخۆراکی توند دەبێت، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە ١٦ هەزار ژنی دووگیان و شیردەر.
لای خۆیەوە وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، ئەو سووتەمەنیەی کە لە نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە بەردەستە "تەنها بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەسە"، هۆشداریشیدا لەوەی کە ڕێگریکردن لە گەیشتنی سووتەمەنی بۆ نەخۆشخانەکان "هەڕەشە لە کارەکانیان دەکات".
ئەم قەیرانە مرۆییە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ٩٠٪ی فەلەستینیەکانی کەرتی غەززە ئاوارەبوون لە ماڵەکانیان، بەشێکیان زیاتر لە جارێک ئەم ئەزموونەیان کردووە، لە پەناگە قەرەباڵغەکان یان لە شوێنی کراوەی بێ پەناگەدا دەژین، ئەمە بووەتە هۆی زیادبوونی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتاکان.
شەڕەکە لە کەرتی غەززە لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ سەریهەڵدا و زیاتر لە ١٧٠ هەزار فەلەستینی کوژران و بریندار بوون کە زۆربەیان منداڵ و ژن بوون و زیاتر لە ١١ هەزار کەسیش بێسەروشوێن بوون.