کەمپەینی ئازادیی وریشە مورادی بۆ حورا نیکبەخت: کۆتایی بە مانگرتنەکە بهێنە

کەمپەینی ئازادیی وریشە مورادی داوا لە حورا نیکبەخت دەکات واز لە مانگرتنەکەی بهێنێت و دەڵێن، دەنگت بیسترا، بەرگری ئێوە ئیلهام بەخشە، جارێکی دیکە بابەتی سزای لەسێدارەدانت هێنایەوە ناوەندی ڕای گشتیی.

ناوەندی هەواڵ

 

هاوکات، لە ڕۆژی ٢٣ـی نیسانی ئەمساڵدا حورا نیکبەخت مامۆستای زانکۆ لە زیندانی ئەوین لە نامەیەکدا دژی سزای لەسێدارەدان مانگرتنی لە خواردن ڕاگەیاند.

 

کەمپەینی ئازادی وریشە مورادی زیندانیی سیاسیی کورد و سزادراو بە سزای لەسێدارەدان سەبارەت بە مانگرتنەکەی هاوزیندانییەکەی بە ناوی حورا نیکبەخت زیندانیی سیاسیی لە زیندانی ئەوین دژ بە سزای لەسێدارەدان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: دەنگت بیسترا، داوا دەکەین لەم کاتە هەستیارەدا کۆتایی بە مانگرتنەکە بهێنیت بۆ ئەوەی ژیانت ڕزگار بکەیت و شانبەشانی ئێمە لە بەرخۆدان و خەبات بەردەوام بیت، بەرگری ئێوە ئیلهام بەخشە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، حورا نیکبەخت بەم بڕیارە بوێرانە جەستەی خۆی کردە دوایین قەڵای بەرگری، لە هەموو کەس زیاتر توانای شەڕی ئەمجۆرە کردارەی هەیە، مانگرتنەکەی دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی هەبوو و جارێکی دیکە بابەتی سزای لەسێدارەدانی هێنایەوە ناوەندی ڕای گشتیی.

 

باس لەوەشکراوە، زیاتر لە هەفتەیەک بەسەر مانگرتنەکەی حورا نیکبەخت تیدەپەڕێت و هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات چڕبووەتەوە.

 

 لە ١٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا حورا نیکبەخت مامۆستای زانکۆ دوای بانگهێشت کردنی لقی ٣ـی داواکاری گشتی ئەوین دەستگیرکرا و بۆ بەشی ژنانی زیندانەکە گوازرایەوە، دواتر لە مانگی ئابی هەمان ساڵدا، لقی ٢٦ـی  دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژ بە دەوڵەت” و “سوکایەتیکردن بە ڕێبەری باڵای ئێران ” بە یەک ساڵ زیندانی سزا درا، هەروەها ئەو ژنە زیندانییە تووشبووی نەخۆشی شێرپەنجەی منداڵدانە.