لە جوانڕۆ ئاو بە دادپەروەرانە دابەش ناکرێت
کاتێک ئاو، هێڵی ژیانی جوانڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەگۆڕێت بۆ پێویستیەک کە دادپەروەرانە دابەش نەکرێت، ئەو نایەکسانییە ئاشکرایە تەنها بە نەبوونی دادپەروەری و کەموکوڕییەکی قوڵ لە سیستمی دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا ڕوون دەکرێتەوە.

سۆما کەرەمی
جوانڕۆ- ژنانی شاری جوانرۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جەختیان لەوە کردەوە، کە قەیرانی ئاو تەنها هەڵەیەک لە تەکنیکی نییە، بەڵکو دەرئەنجامی خراپ بەڕێوەبردن و دابەشکردنی نادادپەروەرانەی سەرچاوەکانە، کاریگەری و گەندەڵی لە ڕێگەپێدان و بیناسازیدا قەیرانەکە گەورەتر دەکات و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی بەردەوام دەکات.
جوانڕۆ ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری زیاتر دەبێتەوە، دیارترینیان قەیرانی کەمی ئاوە، کە بووەتە مەترسی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی دانیشتوان و توندترە لە قەیرانی پچڕانی کارەبا، کە بارگرانییەکی نوێی زیادکردوە، سەرەڕای قەیرانە فرەییەکان، ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتیەکان لەسەر ئاوە، کە سەرچاوەیەکی بەردەوامی ژیانە، لەگەڵ هاتنی هەموو هاوینێکدا، گوند و گەڕەکەکانی ژێرخانی ناسک، وەک سەعدی، شورا و مەسکەن مێهر، بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنن، بەڵام ئەمساڵ قەیرانەکە هەموو شارەکەی گرتوەتەوە، لە دیمەنێکی بێوێنەدا، ناکرێ ئەم کێشەیە لە هەڵەیەکی تەکنیکیدا کورت بکرێتەوە، بەڵکو لە ئەنجامی خراپ بەڕێوەبردنی کەڵەکەبوو و نەبوونی پلانی ستراتیژییە.
کاتێک گەڕەکەکان بۆ چەند ڕۆژێک لە ئاو بێبەش دەبن، ئەوە ئاماژەیە بۆ کەموکوڕی لە دیزاینی تۆڕەکەدا یان دابەشکردنی نادادپەروەرانە، لادانی ئاوی گشتی بۆ پڕۆژەی تایبەت تەنها قەیرانی خزمەتگوزاری نییە، پێشێلکردنی ئاشکرای شکۆی مرۆڤە و لێدانێکە لە ناخی ژیانی شار.
تەهیمینە مورادی، دانیشتوی گەڕەکی شورا وتی: ماوەی سێ ڕۆژە یەک دڵۆپە ئاومان پێنەگەیشتوە، ناچار بووین سەتڵ هەڵبگرین و بڕۆین بۆ پارک یان ماڵی خزمەکانمان تەنها بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانمان، خۆم ئەو کارەم کرد تا پشتم ئازاری پێگەیشت، سەرەڕای ئەو هەموو سەختییە، تەنانەت یەک تانکەری ئاویشیان نەناردوە.
ئاماژەی بەوەدا، کە ئەوان چەندین ساڵە لە قەراغی شار و پلیکانەکان دەژین و وتی: تەنانەت پێش ئەوەی قەیرانەکە خراپتر بێت، لە هاویندا ڕۆژانە تەنها چەند کاتژمێرێک ئاو دەگەیشت و ئێمە پشتمان بە تانکەر دەبەستن، ئەم بارودۆخە بەشێک بوو لە ژیانی ڕۆژانەمان، بەڵام ئەوەی تاڵی ئەزمونەکە زیاد دەکات، ئەوەیە کە گەڕەکەکانی وەک بەهداری و هەلانی هەرگیز ڕووبەڕووی پچڕانی ئاو نەبوونەتەوە، ئەم جیاوازییە تەنها بە تێکچوونی دادپەروەری و فەرامۆشکردنی دەنگ و ئازارەکانمان ڕوون دەکرێتەوە.
دووپاتیشی کردەوە، کاتێک ئاو بۆ شوقەکان دابین دەکرێت، کارەبا دەبڕدرێت و پەمپەکان کار ناکەن، بۆیە ئاو تەنها دەگاتە نهۆمی خوارەوە، ئەمەش ململانێیەکی ڕۆژانەیە بۆ ئەو خێزانانەی کە منداڵیان هەیە یان بەساڵاچووان.
هەروەها تەهمینە مورادی گلەی لە بەرزبوونەوەی پسوڵەکان دەکات، بەتایبەتی کە ئاو گرانتر بووە، هەست بە شەرم دەکەم بچمە ماڵی کەسانی دیکە بۆ هێنانی ئاو، تەنانەت باخچەکانیش هەندێکجار ئاوی نییە و چیمەنەکە وشک بۆتەوە، بەڵام ڤێلاکان کە بەهایان ملیارەها دۆلارە پڕن لە مەلەوانگە.
پرسیاری ئەوەی دەکرد کە بۆچی تانکەرەکان لە کاتی خۆیدا نەگەیشتن؟ بۆچی کۆبوونەوەکانی قەیران تەنها لە قسەکردندا کورتکرانەوە؟ وە، لە هەمووی گرنگتر، بۆچی هیچ بەرپرسێک لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەکرا؟
لە جەرگەی جوانڕۆ، دروستکردنی ڤێلا و خانووی باخچە لە بەرزبوونەوەدایە، بەڵام کێشەی سەرەکی لە لقە بێ مۆڵەتەکانی ئەو ڤێلایانەدایە، کە کەسانی کاریگەر مافی هاوڵاتیان بەبێ مۆڵەت بە پارە دەکڕن، هاوکات زۆرێک لە خێزانەکان ڕووبەڕووی کەمی ئاو و دابەزینی پەستانی ئاو دەبنەوە، سەرچاوە ئاوییەکان بۆ مەلەوانگە و ئاودێری باخچە و شۆردنی ئۆتۆمبێل بەکاردەهێنرێن، کە هێمای نادادپەروەری و چاودێری لاوازە، پشتگوێخستنی ئەم دۆخە ژێرخانی تێکدەدات و متمانەی هاوڵاتیان بە دادپەروەری تێکدەدات.
جگە لەوەش پڕۆژەکانی وەک تونێلکردن و گواستنەوەی ئاو لە بانی لاڤانەوە بۆ شارەکانی وەک سەرپل زەهاب، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ناسکی سەرچاوەکانی ئاو، مەترسییەکی ڕاستی لەسەر ژینگە دروست دەکەن، نەبوونی بەڕێوەبردنی بەردەوام و بێبایەخکردنی ڕاستیەکانی کەشوهەوا، دەبێتە هۆی لەناوچوونی سەرچاوە ئاوییە بەنرخەکانی ناوچەکە.
هانا ئەحمەدی، دانیشتوی سەفی ئاباد وتی: کەمی ئاو چیتر کێشەیەکی وەرزی نییە، بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانەمان، ژمارەی دانیشتوانی گوندەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردوە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ خەزنەیەکی نوێ دروست نەکراوە، خەزنەی ئێستا بە شێوەیەک داڕێژراوە کە پێداویستییەکانی ١٦٠ خێزان دابینبکات، ئەمڕۆ داوا لە ژمارەیەک دە هێندەی ئەو ژمارە دەکرێت و بەتەواوی توانای ئەوە نییە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، کە هەموو ڕۆژێک شایەتحاڵی دروستکردنی بینای شەش یان حەوت نهۆمین، هەرچەندە مۆڵەتە فەرمییەکان ڕێگە بە زیاتر لە سێ نهۆم نادەن، زۆرێک پارە دەدەن بە ئەنجومەنی ناوخۆی یان سەرۆکی شارەوانی گوندەکە بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی نایاسای، بۆ زیادکردنی نهۆمی زیادە یان تەنانەت بونیادنای بەبێ مۆڵەت، لەوە خراپترە ئەوەیە کە ئاوی شارەکە بۆ بونیادنان بەکاردەهێنرێت، لەکاتێکدا دانیشتوان بەهۆی ڕشتنی کۆنکرێتەوە لێی ڕەتدەکرێتەوە، سەرەڕای ئەو داهاتە بەرچاوانەی کە لەم بونیادنانەیە بەدەست دەهێنرێن، بەڵام کەمێکیان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو تەرخان دەکرێت، هەروەها مۆڵەت زیاتر بە کەسانی کاریگەر دەدرێت نەک ئەو کەسانەی کە زۆرترین پێویستیان پێیەتی.