ژنانی ئەفریقا لە ڕێگەی بەرهەمی سروشتی وڵاتەکەیان بژێویان پەیدادەکەن

بە پێی ئامارەکان ١٦ ملیۆن ژنی ئەفریقی بەشێوەیەکی سەرەکی لە ناوچە گوندنشینەکان لە سەنیگالەوە تا باشووری سودان بژێوی ژیانیان لە ئەنجامی کۆکردنەوەی بەری داری شیا پەیدادەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

درەختی شیا کە لە بنەڕەتدا تەنها لە ئەفریقا گەشە دەکات و میوەکەی بە گشتی تەنها لەلایەن ژنانەوە کۆدەکرێتەوە، ئەم درەختە وەک ئامڕازێکی گەشەپێدانی ڕاستەقینە لە هەندێک لە وڵاتانی هەژارنشین  لە جیهاندا سەرهەڵدەدات.

 

درەختی شیا چەندین تایبەتمەندی خۆراکی هەیە، درەختەکە لە تەمەنی ١٠ بۆ ١٥ ساڵیدا یەکەم بەرهەمی خۆی دەست پێدەکات، بەرهەمهێنانی تەواو کاتێک بەدەست دێت کە دارەکە تەمەنی نزیکەی ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵ بێت، پاشان تا ٢٠٠ ساڵ بەرهەمی دەبێت.

درەختی شیا بە شێوەیەکی سروشتی لە شاخەکان لە پشتێنەی وشکی ساڤانای ڕۆژئاوا و باشوور لە سەنیگالەوە لە ڕۆژئاوا تا سودان و باشووری سودان لە ڕۆژهەڵات و لەسەر دامێنی بەرزاییەکانی ئەسیوپیا گەشە دەکات.

 

مالی یەکێکە لە بەرهەمهێنەرانی پێشەنگی کەرەی شیا لە جیهاندا، هاوشانی نەیجیریا و بورکینافاسۆ، لە کۆمەڵە گوندنشینەکانی سیبی نزیکەی هەزار ژن پێکەوە وەک گروپ بە هاوبەشی کاردەکەن، لە بەری درەختی شیا کەرە دروست دەکەن و پاشان هەناردەی وڵاتانی دیکە دەکرێت.

 

بەپێی ئاماری هاوپەیمانی جیهانی شیا، ١٦ ملیۆن ژنی ئەفریقی بەشێوەیەکی سەرەکی لە ناوچە گوندنشینەکان لە سەنیگالەوە تا باشووری سودان بژێوی ژیانیان لە ئەنجامی کۆکردنەوەی بەری داری شیا پەیدادەکەن، یەکێک لە سوودەکانی کارکردنی پێکەوەیی و گروپ ئەوەیە کە هەلی کاری بۆ ژنان دابین کردووە، پێش دروستکردنی گروپی کارکردنی ژنان، چالاکی ژنان تەنیا لە وەرزی بارانباریندا سنووردار بوو، بەڵام ئێستا بە درێژایی ساڵ دەتوانن کاربکەن و بژێوی ژیانی خێزانەکانیان دابینبکەن.

 

سوود وەرگرتن لە بەرهەمی ناوچەکە لە چەندین لایەنەوە گرنگییەکی بەرچاوی هەیە، درەختی شیا وەک سەرچاوەیەکی سرووشتی ناوچەکە بۆ دروستکردنی کەرە و چەندین بەرهەمی دیکە بەکاردەهێندرێت، لە هەمان کاتیشدا ژنان بەم کارە هەڵدەستن و بووەتە سەرچاوەی داهات بۆیان، یەکێک لە ئاستەنگییەکان نەبوونی ڕاهێنان و پشتگیری داراییە، بەتایبەتی بۆ بازاڕکردنی بەرهەمەکان.

 

ئەو کۆمپانیانەی کە هەڵدەستن بە دروستکردنی گروپی کارکردنی ژنان بەشدارییەکی زۆر دەکەن لە گەشەپێدانی ئابووری-کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکان لە ڕێگەی ئەو بەرهەمانەی کە لە شوێنی کارەکەدا دروست دەکرێن و دەفرۆشرێن، لەگەڵ ئەوەشدا زیادکردنی کڕیاری دەرەکییە بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکانی وڵاتەکە.

 

لە سەرانسەری ئەفریقادا بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ خۆراک بەکاردەهێنرێت، سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ چەوری خۆراک، هەروەها بۆ مەبەستی دەرمانی پزیشکی بەکاردێت لە غانا و نەیجیریا کەرەی شیا پێکهاتەیەکی سەرەکییە بۆ دروستکردنی سابوونی ڕەشی ئەفریقی.

 

هەروەها کەرەی شیا خواستێکی بەرچاوی لەسەرە بە تایبەتی لە خۆراکی وەک "شۆکولاتە، بسکیت" و بەرهەمەکانی جوانکاری "کرێمی نەرمکەرەوە"دا بەکاردەهێنرێت، لەم ساڵانەی دواییدا ناوبانگێکی باشی بەدەستهێناوە، ئەمەش بەهۆی بەکارهێنەرانی لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە بووە، کە تادێت ئارەزووی کڕینی ئەو بەرهەمانە دەکەن کە وەک ئۆرگانیک یان سروشتی پێشکەش دەکرێن و بۆ چەندین مەبەست سوودی لێدەبینن.