ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: هۆشداری دەدات لە قەیرانی تەندروستی کە هەڕەشە لە ژنان و منداڵان دەکات لەسەر سنووری ئەفغانستان
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی نیگەرانی قوڵی لە دۆخی نالەباری و پێداویستییە تەندروستییە بەپەلەی گەڕاوە ئەفغانییەکان، بە تایبەت ئەو ژنان و منداڵانە دەربڕی کە بە شێوەیەکی بێ وێنە لە ڕێگەی سنوورەکانی ئێران و پاکستانەوە چوونەتە ناو ئەفغانستانەوە.

ناوەندی هەواڵ- دەسەڵاتدارانی ئێران هەڵمەتێکی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵیان دەستپێکرد و پەنابەرانی ئەفغانییان کردە ئامانج،کە لە دۆخێکی نالەباری مرۆڤدۆستانەدا دەژین دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ١٢ ڕۆژە، ئەم هەڵمەتە دوای ئەوە هات کە تۆمەتبار کران بە "سیخوڕی" و "هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل".
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی ٨ی تەمموز ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و هۆشداری دەدات لەوەی ژمارەیەکی زۆر لە دایکان و منداڵ و بەساڵاچووان لەسەر سنووری ئەفغانستان بێ ماڵ و حاڵن، ڕووبەڕووی نەخۆشییەکانی وەک برین و هەوکردن و وشکبوونەوەی لەش و بەدخۆراکی دەبنەوە، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە زۆرێک لەو کەسانەی کە گەڕاونەتەوە لەنێویاندا ژنانی دووگیان و منداڵی بێ سەرپەرشت، زۆر پێویستیان بە چاودێری پزیشکی هەیە، لەگەڵ خواردن و شوێنی نیشتەجێبوون.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە مانگی نیسانی ڕابردووەوە، زیاتر لە ٨٣٦ هەزار کەس لە ڕێگەی دەروازە سنوورییە فەرمییەکانی وەک ئیسلام قەلعە، تورخم، میلک و سپین بولدکەوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکە، لەوانە ژنانی دووگیان، دایکانی کۆرپە و منداڵانی بێ سەربەرشتی کە بە سەرچاوەیەکی کەمەوە گەیشتوونەتە ئەوێ.
نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ئەفغانستان ڕایگەیاند کە ڕووبەڕووی شەپۆلێکی گەڕاوانی نەخۆش و لاواز دەبنەوە، لەکاتێکدا سەرچاوەکانیان سنووردارە، بەبێ هاوکاری بەپەلە، دەتوانین توانای وەڵامدانەوەمان لەدەست بدەین لە گرینگترین بوارەکاندا.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەرەتای قەیرانەکەوە تا ئێستا زیاتر لە ٨٤ هەزار کەس لە ناوەندە سنوورییەکان و پێشوازییەکان خزمەتگوزارییە تەندروستییە پێویستەکانیان وەرگرتووە، لە دەروازەی سنووری تورخم، تیمەکانی فریاکەوتن کە بە بەرداوامی کاردەکەن، زیاتر لە ٨٥٠ برینداریان چارەسەر کردووە، بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمیەکان، ١٩٨ هەزار ژەمی ڤاکسین دژی نەخۆشییەکانی وەک ئیفلیجی منداڵان و سورێژە بەکارهێنراون.
ڕێکخراوەکە تا ئێستا ١٧ تیمی تەندروستی گەڕۆک و چەندین کلینیکی پێشوەختەی جێگیرکراوی لە بوارە سەرەکییەکان جێگیرکردووە، نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەسی پشکنیوە، بەپەلەترین پێداویستییەکان بریتین لە چاودێری تەندروستی سەرەتایی، منداڵبوونی سەلامەت، خزمەتگوزاری تەندروستی دایکان و منداڵان، تەندروستی دەروونی، ئاوی پاک و دەرمانی پێویست. ڕێکخراوەکە هۆشداری داوە لە قەرەباڵغییەکی زۆر لە دەروازە سنوورییەکانی حەلیب و ئیسلام قەلعە و ڕایگەیاندووە، کە ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری بەشی پێویست نییە و شوێن بۆ دابڕانی نەخۆش نییە و کارمەندێکی زۆر کەم بەتایبەتی پەرستاران بۆ چاودێریکردنی نەخۆشەکان.
تەنیا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، دەسەڵاتدارانی ئێران نزیکەی ١٠٠ هەزار کۆچبەری نایاسایییان لە ئێرانەوە دیپۆرت کردووەتەوە، ئەمەش ڕەوتێک کە بووەتە هۆی نیگەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها نیگەرانی خۆیان لە دۆخی گەڕانەوەی ژنان بۆ سنووری ئەفغانستان دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە کە لەگەڵ گەڕانەوەیان بۆ ئەفغانستان تووشی توندوتیژی ڕەگەزی، هاوسەرگیری بەزۆر و پێشوەختە، بازرگانیکردن بە مرۆڤ و بازرگانی سێکسی دەبنەوە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان.