گرینپیس: هۆشداری دەدات کە سووریا دەکرێت بچێتە لیستی شوێنە گەرمەکانی ئاگرکەوتنەوە

گرینپیس(سەوزای ئاشتی) ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا پشتڕاستیان کردەوە کە ئەمساڵ شەپۆلی ئاگرکەوتنەوە لە شارەکانی کەنار دەریاکانی سووریا بەتایبەت لازقیە توندتر بووە، هۆشداریشیان داوە کە سووریا ڕەنگە ببێتە یەکێک لە شوێنە گەرمەکانی ئاگرکەوتنەوە.

ناوەندی هەواڵ- شارەکانی کەناراوەکانی سووریا بە تایبەتی لازقیە شاهیدی شەپۆلێکی نیگەرانکەری ئاگرکەوتنەوەن کە سەدان کەسی ئاوارە کردووە و هەزاران هێکتار زەوی کشتوکاڵی و دارستانەکانی لەناوبردووە، ئەم دیاردەیە شتێکی نوێ نییە، بەڵام توندییەکەی لەمساڵدا گوزارشت لە خراپتربوونی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ناوچەکە دەکات.

 

ڕۆژی ٩ی تەمموز، ڕێکخراوی گرینپیس ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و هۆشدارییان دا کە سووریا دەتوانێت بەشداری لە لیستی پەرەسەندنی شوێنەکانی ئاگرکەوتنەوە بکات، ئەمەش پرسیارێکی زەق دەوروژێنێت: ناوچەکە لەڕووی گونجاندن لەگەڵ کەشوهەوا لە کوێ وەستاوە؟

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەبەر ڕۆشنایی ئاگرکەوتنەوە بەردەوامەکانی دارستانەکانی شارەکانی کەنار دەریاکانی سووریا وەک لازقیە، کە لانیکەم هەزار و ١٢٠ کەسی ئاوارە کردووە، زیاتر لە حەوت هەزار هێکتار دارستان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی لەناوبردووە و زیاتر لە پێنج هەزار دانیشتووی ناوچەکەی گرتووەتەوە، ناوچەکە وەرزی ئاگرکەوتنەوەیەکی نیگەرانکەری بەخۆیەوە بینیوە، کە توندییەکەی ئەوەیە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و خراپتربوونی وشکەساڵی کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە دروست دەبێت، خراپتر بووە.

 

کینزی عەزمی، بەڕێوەبەری هەڵمەتی "پیسکەر باج دەدات" لە گرینپیس ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ڕایگەیاند، سووریا ساڵانێکە ڕووبەڕووی ئاگرکەوتنەوە و لێکەوتە ترسناکەکانی بووەتەوە، بەڵام ئاگرکەوتنەوەکانی ئێستای لازقیە لە ڕاستەقینە ترین قەیرانە ژینگەیی و مرۆییەکانە کە سووریا لەم دواییانەدا ڕووبەڕووی بووەتەوە، سەرەڕای هەوڵی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە چەند وڵاتێک لەوانە لوبنان و ئوردن، ئاڵەنگاری لۆژستیکی هەیە کە پرۆسەی کوژاندنەوە و وەڵامدانەوەی ئاڵۆزتر دەکات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخەکە خراپتر دەبێت بەهۆی ئەو بارودۆخەی سووریا لە ساڵانی ڕابردوودا تووشی بووە، کە ژێرخانی لاوازی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە، نەبوونی پلانی وەڵامدانەوەی فریاگوزاری و سیستەمی چاودێریکردن، ئەمەش ژیان و بژێوی و تەندروستی هاوڵاتیان و ژینگە و ئابووری دەخاتە بەردەم چەندین مەترسی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی گەرمبوونی جیهانەوە ئەم ئاگرکەوتنەوانە زۆرتر و توندتر بوون، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کە پلەکانی گەرما بە دوو هێندەی تێکڕای جیهانی بەرزدەبنەوە، هۆکاری سەرەکی توندی و فرێکوێنسیی زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکان گۆڕانی کەشوهەوایە، کە بە پلەی یەکەم لە ئەنجامی سووتانی نەوت و گاز و خەڵوزەوە دروست دەبێت، ئێمە لە ئێستاوە ڕووبەڕووی کەمی ئاو و بیابانبوون و دابەزینی ڕووپۆشی ڕووەک بووینەتەوە، کە هەموو ئەمانە مەترسی ئاگرکەوتنەوە زیاد دەکەن.

 

داوای لە حکومەتەکان کرد پلانی گشتگیر و بەپەلە بۆ گونجاندن لەگەڵ کەشوهەوا دابڕێژن، جەختی لەسەر پێویستی بەپەلەی دارایی کەشوهەوا لەلایەن ئەو وڵاتانەی کە لە مێژوودا ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوییان زۆرە، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی ناوچەکە بۆ ئامادەکاری بۆ ئەو جۆرە کارەساتانە و چاکبوونەوەیان کردەوە، پێویستە پابەند بین بە ڕێنماییەکانی خۆپاراستن لە ئاگرکەوتنەوە کە لەلایەن ڕێکخراوەکەوە پێشنیارکراون، و ڕێکارەکانی سەلامەتی پەیڕەو بکەین کاتێک ڕوودەدەن.