چاوان بابەخانی: ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەکان لە زڕگوێز خاپور کراوە
ئێران بۆردومانی زڕگوێز و پردێ و کۆیەی کرد و چالاکوانێکی بواری ژنانیش دەڵێت بۆردومانەکان شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانی گرتووەتەوە و ٢٠ کەس بریندارن لە کۆمەڵە، هەروەها ناوەندی ڕاگەیاندن خاپور کراوە.
سلێمانی
ماوەی چوار ڕۆژە ئێران بۆردومانەکانی ناوچەکانی سیدەکان، باڵەکەیاتی و ئاسۆس و شارباژێر دەکات، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەوامی بۆردومانەکاندا، لە ڕێی درۆنەوە بارەگاکانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە کۆیەی سنوری پارێزگای هەولێر و بارەگاکانی کۆمەڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زڕگوێزی سنوری پارێزگای سلێمانی کردە ئامانج و بۆردومانی کردن.
بۆردومانەکان جگە لە بارەگاکانی ئەو دوو حزبە، گوند و شوێنی نیشتەجێبوون و قوتابخانەشی گرتووەتەوە و نزیکەی ١٦٠ قوتابی و سەدان ژن و منداڵ لە کامپی دیموکراتەکان لە کۆیە ژیانیان لە مەترسیدایە.
"ئێران لە ڕێی درۆنی خۆیەوە بارەگای حزب و هاوڵاتیان دەکاتە ئامانج"
بەهۆی بۆردومانەکانەوە زیانی ماددی و گیان لەدەستدان و بریندار هەیە، لەو بارەیەوە چاوان بابەخانی، چالاکوانی ژنان و ئەندامی کۆمەڵەی کۆمۆنیست، دوواین زانیاری بە ئاژانسی نوژنها ڕاگەیاند و وتی: بۆردومانەکان لە کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەکی بەیانییەوە دەستیپێکردووە و زۆرترین حزبی ڕۆژهەڵاتیان بۆردومان کردووە وەک "حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان"، بە پێی زانیارییەکان تا ئێستا ٢٠ بریندار لە کۆمەڵەکاندا هەیە و بنکە سەربازییەکانیان بۆردومان کردووە، هەروەها بنکەکانی ڕاگەیاندنیان بۆردومان کردووە و بەشێکی زۆریان خاپوور کراون.
چاوان ئاماژەی بەوەشدا، لە بارەگای حزبی دیموکراتی کوردستان لە سەرجەم بنکەکانی داوە و قوتابخانەیەکیان کردووەتە ئامانج و نزیکەی ١٢ بریندار و دوو شەهید هەن لە ژن و پیاو، ڕوونیکردەوە لە تێلێگرامی سوپای پاسدارانەوە بڵاوکراوەتەوە کە ئەم بۆردومانانە بە درۆنی شاهید ١٣٦ی خۆکوژی ئێرانی ئەنجامدراوە.
"سوپای پاسداران دەڵێن بەردەوامی بە بۆردومانەکان دەدەین"
چاوان باباخانی، چالاکوانی ژنان لە زڕگوێزەوە بە نوژنهای ڕاگەیاند، باسی لەوەکرد کە هیچ کام لە بارەگا و حزبەکان باوەڕیان نەکردووە قوتابخانەکان بۆردومان بکرێت، چونکە جێگای خوێندنە نەک سەربازی، بەڵام سوپای ئێران قوتابخانەکانیشی کردووەتە ئامانج.
لە درێژەی قسەکانیدا چاوان وتی: بە پێی زانیارییەکانی سایتی فەرمی سوپای پاسداران ئەم بۆردومانانە بەردەوام دەبێت"، جەختیشی کردەوە، کە هاوڵاتیانی سڤیل لەو ناوچانەدا نەماون و خۆیان لە بۆردومانەکان دەپارێزن.
جێی ئاماژەیە لە پاش نیوەڕۆوە بۆردومانەکانی سوپاى ئێران لە ڕێگەى شەش مووشەکى دیکەوە بۆ سەر بنکە و بارەگاکانى حزبى دیموکراتى کوردستانی ئێران لە شارۆچکەى کۆیە دەستپێکردەوە و تا ئێستاش زیانى ئەم هێرشە نەزانراوە، هەروەها لە ڕێگەى چەند مووشەکێکەوە جارێکی دیکە چەند بنکەیەکى هێزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان-پاک لە شارەدێى پردێ کرایە ئامانج.