تۆپبارانی ئێران لەسەر هەرێم بەردەوامە؛ کۆیە و زڕگوێز بۆردومانکرا
هاوشێوەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، ماوەی چوار ڕۆژە لەسەریەک ئێران هێرشی بۆ سەر ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە و بەردەوامی هەیە، ئەمڕۆش کۆیە و زڕگوێز بۆردومانکرا.
ناوەندی هەواڵ
لە شەوی ڕابردووەوە تۆپخانەکانی ئیران بۆ چوارەمین ڕۆژ لەسەر یەک دەستیان بە تۆپبارانکردنی سنووری باڵەکایەتی و برادۆست کردەوە و تا ئێستاش بەردەوامە.
تۆپخانەکانی ئێران بەشێوەیەکی چڕ و هەڕەمەکی تۆپبارانی ناوچەکانی بەربزین و ناو ڕووباران و ناوچەی سەقەر لە سنوری برادۆست دەکەن.
ئەو شوێنانەی لە ئێستادا تۆپباران دەکرێن شوێنی ئاوەدانن و چەندین ماڵی جووتیار و ئاژەڵداری تێدایە و بەوھۆیەوە بەشێک لە گوندنیشانی سنوورەکە ماڵ و حاڵیان بەجێھێشتووە.
ئەو تۆپبارانەی کە ئێران لە شەوی ڕابردوەوە بەردەوامی پێداوە بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو چڕتڕە و بەرەو ڕووی گوندەکان و خەڵکەکە بە هەڕەمەکییە.
کۆیە و زڕگوێز بۆردومان دەکرێت
هاوکات کەمێک پێش ئێستا سوپای ئێران هەریەک لە زڕگوێز و کۆیەی بۆردومانکرد.
لە کۆیەی سنوری پارێزگای هەولێر، هێرشی كردە سەر بنکە و بارەگای فەرمی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و تا ئێستا نازانرێت لەڕێگەی فڕۆکەوە بووە یان تۆپباران بووە.
هەروەها لە بەیانی ئەمڕۆوە چەند درۆنێکی ئێران بۆردومانی بارەگاکانی کۆمەڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زڕگوێز لە سنووری سلێمانی کرد و بەهۆی بەردەوامی بۆردومانەکانەوە نازانرێت زیانەکان چین و چەندن.