"دەمێکە لەگەڵ نەوتەکەدا، ئێمەتان بە تورکیا و ئێران فرۆشتووە"
سوپای ئێران تۆپباران و بۆردومانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ چوارەم ڕۆژ بەردەوامی پێدا و بارەگاکانی دیموکرات لە کۆیە و کۆمەڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە زڕگوێز کردە ئامانج کە دەیان قوربانی لێکەوتەوە.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ، ٢٨ی ئەیلول سوپای ئێران بۆردومانی کۆیە، زڕگوێز و پردێی کرد و بەهۆیەوە زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە.
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا خستیەڕوو کە، ١٤ بریندار و ٤ کەس گیانیان لەدەستدا لە بۆردومانی کۆیە و ١٠ بریندار و ٣ کەس گیانیان لەدەستدا لە بۆردومانی پردێدا، پێشبینی دەکرێت ژمارەکە زیاد بکات بەهۆی نەبوونی ڕێگەی گەشتی ئۆتۆمبێلەکانی فریاگوزاری بە شوێنی ڕووداوەکە.
هێرشەکانی سوپای ئێران خەڵکی باشووری کوردستانی نیگەران کردووە و کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێناوە، سەنتەری میترۆ بۆ ئازادییە ڕۆژنامەوانییەکان لەبارەی بۆردومانەکانەوە ئاماژەی بەوەدا، ئیدانەی بۆردومانی هەڕەمەکیی ئۆردوگای پەنابەران و بارەگای هێزە کوردییەکان دەکات و پێیوایە پەنابردن بۆ درۆن و مووشەکبارانی خەڵک کە بەشێکیان مناڵ و مەدەنین، دەگاتە ئاستی تاوانی جەنگ.
هەروەها چالاکوان، پەیمان عیزەدین وتی: بۆردومان کردنی ڕۆژهەڵاتیەکان لەناو سنوری هەرێمی کوردستاندا، بەڵگەیەکی تری بێدەسەڵاتی و پاشکۆیەتی دەسەڵاتی سیاسی ئەم هەرێمەیە بەرامبەر ئێران و تورکیا".
پەیمان عیزەدین هیواشی خواست بۆ سەرکەوتنی گەلانی ئێران و وتیشی: بەهیوای سەرکەوتنی گەلانی ئێران بەسەر یەکێک لە دیکتاتۆرترین ڕژێمی ناوچەکە.
چالاکوان کەژاڵ عەبدولقادر ئەوەی خستەڕوو کە منداڵان باجی ئەو هێرش و داگیرکارییە دەدەن و وتی: سیاسییەکان و دەوڵەتان و بازرگانانی جەنگ لە کێبڕکێی کۆکردنەوەی سامانن، باجیش مناڵان ئەیدەن.
"جگە لە چیاکان، دۆستێکی دیکەمان نییە"
هەڵوێست عەبدوڵا، فێمینیستی ژینگەیی ئاماژە بەوەدەکات کە وەک کورد جگە لە چیاکان، دۆستێکی دیکەمان نییە و دەڵێت: ڕیفراندۆمتان باش، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا زۆر لوت بەرزانە یادی لە دەستدانی کەرکوک و بەشێکی دیکەی ئەم خاکەتان کردەوە، دە فەرموون با هەڵوێستان ببینین، دەمێکە لەگەڵ نەوتەکەدا، ئیمەتان بە ئاغاکانتان بە تورکیا و ئێران فرۆشتووە.