خۆپیشاندانی شاری سلێمانی بۆ ئیدانەی توندوتیژییەکانی ئێران ڕێگری لێکرا

بڕیار بوو بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کوشتنی ژینا ئەمینی لە شاری سلێمانی ڕێپێوان ئەنجام بدرێت، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ بڵاوەیان پێکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای کوشتنی ژینا ئەمینی و هەڵگیرسانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جیهان پشتیوانی بەرفراوانی بەڕێوەبرد، لە باشووری کوردستانیش بە چالاکی جۆراوجۆر ئیدانە کرا.

 

هاوکات ئەمڕۆ، ٢٨ی ئەیلول، بڕیاربوو لە شاری سلێمانی ڕێپێوان بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکان و خۆپیشاندانی وڵاتی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردسران بەڕێوەببرێت، بەڵام ھێزە ئەمنییەکانی سلێمانی ڕێگریان لێکرد.

 

لە ڕێپێوانەکەدا چالاکوانان، هونەرمەندان، نووسەران، ڕۆشنبیران و توێژە جیاوازەکان بەشدارییان کرد و دروشمی ژن، ژیان، ئازادییان وتەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە شەقامی سالمدا بڵاوکرانەوە و ڕێگرییان لە ڕێپێوانەکە کرد و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا.

 

ئەمەش دوای ئەوەھات کە ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران بنکە و بارەگای ژمارەیەک لە حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستانی لە کۆیە، پردێ و زڕگوێز بۆردومان کرد.