لە یەک مانگدا؛ ٥٢٨ کۆچبەر خنکاون و بێسەروشوێن بوون

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٣ی کۆچکردنی بەرەو وڵاتانی ڕۆژئاوا بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ٩٨٠ کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە و بێسەرو شوێن بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری کۆچبەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا بڵاویکردەوە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ٩٨٠ کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە و بێسەرو شوێن بوون و تەنیا لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا ٥٢٨ کۆچبەر لە دەریاکانی بەرەو وڵاتانی ئەوروپا واتە لە دەریای ئیجە، ناوەڕاست و رۆژئاوای دەریای ناوەڕاست، خنکاون و بێسەروشوێن بوون.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕوونیشی کردووەتەوە، زۆرترین کۆچبەر لە پێنج مانگی ئەمساڵەوە ڕوویان لە ئیتاڵیا کردووە، کە زیاتر لە ٤٥ هەزار کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە و زۆرینەیان چوونەتە دوورگەی سیسلی لە باشووری ئیتاڵیا، کە نزیکترین خاڵی سنووری ئیتاڵییە لەگەڵ وڵاتانی باکووری ئەفریقای وەکو تونس، لیبیا و مەغریب، زۆرترین کۆچبەریش لە تونسەوە بوون و ژمارەیان زیاتر لە ٢٤ هەزار کەس بووە.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەشى خستووەتەڕوو، تەمەنی کۆچبەرەکان ساڵ بۆ ساڵ جیاواز تربووە، بەجۆرێک ئەوانەى ئەمساڵ ڕوویان لە ئیتاڵیا کردووە ١٢٪ یان منداڵ بوون و ١٢٪ دیکەشیان کچ و ژن بوون و ٧١٪ ئەو کۆچبەرانەش پیاو بوون.