چۆن ئاستی کۆلیسترۆڵ لە گەنجاندا دادەبەزێنرێت؟

بۆ منداڵان و کەسانی پێگەیشتووی خوار تەمەنی ٤٠ ساڵ، دوو هۆکاری بەهێز هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر کۆلیسترۆڵ: خۆراکی تەندروست و وەرزشێکی بەردەوام ڕۆڵێکی گرنگ لە مانەوەمان بە تەندروستی دەگێرن واتە شێوازی ژیانی تەندرووست.

ناوەندی هەواڵ

 

بە شێوەیەکی ئاسایی، شێوازی ژیان دەتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر ئاستی کۆلیسترۆڵ لە کەسانی خوار تەمەنی ٤٠ ساڵدا بەڕێوەببەن، بەڵام ئەگەر ئاستەکە لەڕادەبەدەر بەرز بێت، ئەوا بە ڕاوێژی پزیشکی تایبەت پێویستە دەرمانی پێویست وەربگیرێت بۆ دابەزاندنی ئاستی کۆلیسترۆڵی خوێن.

 

پزیشکان باس لەوەدەکەن کە لە دەیەی ڕابردوودا بەرزبوونەوەی ڕێژەی قەڵەوی و بەرزبوونەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵ لە نێوان منداڵان و گەنجانی پێگەیشتوودا هۆکاری بەشێکی زۆری کێشە تەندروستییەکان بووە، ئەم هەڵکشانە دەتوانرێت بە پلەی یەکەم بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیانەی کە لە شێوازی ژیانی تاکەکان ڕوویانداوە.

 

خێرایی ژیانی مۆدێرن تادێت زیاتر دەبێت، ئاسانکاری داواکردنی خواردن بە شێوەی ئۆنلاین بووەتە چارەسەرێک کە کات دەپارێزێت، لەگەڵ زیادبوونی پلاتفۆرمی گەیاندنی ئۆنلاین، ئێستا تاکەکان توانای ئەوەیان هەیە بەبێ ماندووبوون لە پەناگەی ماڵەکانی خۆیانەوە خواردن داوا بکەن و ئەمەش ڕێژەی خواردنی نا تەندروستی لە ناو خێزانەکان زیادکردووە.

 

خەڵک بەهۆی سەرقاڵییەوە خواردنی نا تەندروست دەخۆن، ئەمەش دەبێتە هۆی قەڵەوی و نەخۆشیەکانی پەیوەست بە شێوازی ژیان،  ئەم بابەتە لە تەندروستی جەستەیی زیاترە، کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونیش هەیە، تاکەکانی قەڵەو زۆرجار لە قوتابخانەکاندا ڕووبەڕووی قسەی ناشرین دەبنەوە، ئەمەش بەشدارە لە کەمبوونەوەی متمانەبەخۆبوون بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.

 

بۆ منداڵان و کەسانی پێگەیشتووی خوار تەمەنی ٤٠ ساڵ، دوو هۆکاری بەهێز هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر کۆلیسترۆڵ: خۆراکی تەندروست و وەرزشێکی بەردەوام ڕۆڵێکی گرنگ لە مانەوە بە تەندروستی دەگێرن، گرنگە لە تەمەنێکی بچووکەوە فێری خووی باشی خواردنی منداڵان بکرێت، ئەمەش واتە چێژوەرگرتن لە دانەوێڵەی تەواو، ئەو خواردنانەی کە ڕیشاڵیان تێدایە و میوە و سەوزەواتەکان و دوورکەوتنەوە لە خواردنە شەکر و چەورییەکان، بێگومان ئەوە بە مانای ماڵئاواییکردن لە پیتزا یان بەرگر بۆ هەمیشە نییە و ناوبەناو ئەم خواردنانە ئەگەر بخورێت ئاساییە بەڵام نەبێتە شێوازی ژیان.

 

دایک و باوک ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە داڕشتنی خوو و عادەتە تەندروستەکانی تەمەنی منداڵەکانیان، وەرزشکردنی ڕۆژانە کە ٣٠ خولەک بۆ کاتژمێرێکە بۆ تاکەکان زۆر گرنگە، سەرەڕای ئەوەش، دانانی سنووری کاتی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان بۆ منداڵان، شێوازێکی ژیانی هاوسەنگ بەرەوپێش دەبات.