بنەماڵەی ژینا ئەمینی لە ماڵی خۆیان دەستبەسەر کراون

لە دووەمین ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، بنەماڵەکەی لە ماڵەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە لە سەقز دەستبەسەرکراون.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئیسلامیی لە سەقز بۆ ڕێگری کردن لە دووەمین ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی و شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بنەماڵەکەی لە ماڵی خۆیان دەسبەسەر کردووە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر ئەم بنەماڵەیە ڕایانگەیاندبوو، بە نیازن ڕێوڕەسمی دووەمین ساڵیادی کوشتنی کچەکەیان لەسەر مەزارەکەی بەڕێوە ببەن.

 

هەروەها هێزە ئەمنییەکان بە داخستنی ئەو ڕێگا لاوەکییانەی کە بەرەو گۆڕستانی ئایچی دەچن، هەوڵ دەدەن ڕێگری لە خەڵک بکەن سەردانی گۆڕی ژینا بکەن. ئەو وێنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، دەردەخەن کە شاری سەقز بە تەواوی لە ژێر چاودێری دایە و هەلیکۆپتەرە حکومییەکان بەسەر ئەم شارەدا دەسوڕێنەوە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە لە یەکەمین ساڵیادی کوشتنی دەوڵەتیی ژینا و ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، هێزە ئەمنییەکان بنەماڵەی ژینایان لە ماڵی خۆیان دەستبەسەر کرد بۆ ڕێگریکردن لە یادکردنەوەی ساڵیادی کۆچی دوایی کچەکەیان، هەروەها هەوڵیاندا ڕێگری لە خەڵک بکەن کە سەردانی گۆڕی ژینا بکەن بە داخستنی ڕێگا لاوەکییەکان کە دەچنە گۆڕستانی ئایچی.