ملیۆنان منداڵ بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن

لە ئەنجامی ئەو ململانێیانەی لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بەردەوامە، منداڵان لە یەمەن تووشی بەدخۆراکی و کەمبوونەوەی کێشی جەستە دەبن، ئەمەش حاڵەتێکە ڕێگری لە گەشەکردنیان دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان 'یونیسێف' پشتڕاستی کردەوە، نزیکەی دە ملیۆن منداڵی یەمەن هێشتا پێویستییەکی زۆریان بە هاوکاری مرۆیی هەیە، ئەمەش دوای نۆ ساڵ لە شەڕ و پێکدادانەکانی وڵاتەکەیان.

 

یونیسێف لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونیکردەوە، کەمبوونەوەی ململانێکان لە مانگی نیسانی ٢٠٢٢ەوە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی کوژراوان لە سەرانسەری یەمەن، بەڵام دۆخەکە بە هەستیاری ماوەتەوە بەبێ ئەوەی ململانێ  سیاسییەکان یەکلا بکرێنەوە.

 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەدخۆراکی و نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکان بە ڕوونی لە ناوچەکەدا دیارە،  زیاتر لە ٢.٧ ملیۆن منداڵ بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن، هەروەها ٤٩%ی منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ تووشی کۆتاییهاتن یان بەدخۆراکی درێژخایەن بوون، ئەمەش حاڵەتێکە ڕێگری دەکات لە گەشەی منداڵان.

 

کاترین ڕاسیل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە، بەردەوامبوونی ساڵانێک لە ململانێی درێژخایەن و داڕمانی ئابووری و سیستەمی پشتیوانی کۆمەڵایەتی شکستخواردوو کاریگەریی وێرانکەری لەسەر ژیانی منداڵانی یەمەن هەبووە، سەرەڕای هەلومەرجی ئاگربەست، شەڕ و ئاڵوگۆڕی تەقەی پچڕپچڕ لە زۆر شوێنی یەمەن بەردەوامە و منداڵان دەبنە قوربانی مین و پاشماوەی تەقینەوەکانی شەڕ، بەپێی ئامارەکانی یونیسێف، لە ساڵی ٢٠١٥ەوە کە شەڕەکە دەستیپێکردووە، زیاتر لە ١١ هەزار و ٥٠٠ منداڵ لە ئەنجامی ئەو ململانێیەدا کوژراون یان برینداربوون.