"عێراق دەبێت دان بەو جینۆسایدەدا بنێت کە لەسەر خاکەکەی ڕوویدا"

ژنانی ئێزدی سەبارەت بە هەڵمەتی ناساندنی جینۆساید ڕایانگەیاندووە، پێویستە حکومەتی عێراق ناچاربکرێت دان بەو جینۆسایدەدا بنێت کە دژی پێکهاتەی ئێزدی ئەنجامدراوە، هەروەها داوایان لە هەموو ئێزدییەکان کرد بچنە ناو تەڤگەرەکە.

هێڤیدار شەنگالی

 

شەنگال- خۆبەڕێوەبەری شەنگال بۆ ناساندنی جینۆساید دژی پێکهاتەی ئێزدی کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ ڕوویدا، لە ١٣ی تشرینی دووەم و ساڵڕۆژی ئازادکردنی شەنگال لە عێراق و جیهاندا، هەڵمەتێکی دەستپێکرد، ئەم هەڵمەتە تا ڕۆژی چوارشەممەی نیسان بەردەوام دەبێت، ئامانجی سەرەکی ئەم هەڵمەتە ئەوەیە حکومەتی عێراق بە فەرمی دان بە جینۆسایددا بنێت و ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، چونکە تا ئێستا ١٤ وڵات دانیان بە جینۆساید دژی پێکهاتەی ئێزدی ناوە، بەڵام حکومەتی عێراق هێشتا فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بە جینۆساید ناناسێت. هەرچەندە جینۆسایدەکە لەسەر خاکی عێراق ڕوویداوە.

 

لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی شەنگال لەگەڵ دامودەزگاکانی خۆیدا کاردەکات بۆ سەرخستنی هەڵمەتەکە، خەڵک لەو هەڵمەتە ئاگادار دەکاتەوە و هەوڵدەدات واژۆ بە هەموو ئێزدییەکان بکات بۆ ناساندنی جینۆساید، سەبارەت بە هەڵمەتەکە ژنانی ئێزدی قسەیان کرد و داوایان لە هەموو ئێزدیەکانی شەنگال و دەرەوەی شەنگال کرد، بەشداری چالاکییەکە بکەن بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق جینۆسایدەکە بناسێنێت.

 

"پێویستە زۆربەی ژنان خاوەنداری لە هەڵمەتەکە بکەن"

زۆزان سیمۆ، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ ڕایگەیاند، لە ساڵیادی ڕزگارکردنی شەنگالدا، هەڵمەتی ناساندنی جینۆسایدیان دەستپێکرد و ڕایانگەیاند، پێویستە زۆرترین ژن لە هەڵمەتەکەدا بەشدار بێت، وتیشی: زیاتر لە ١٠ ساڵە پێکهاتەی ئێزدی لە کامپ و لە چادردا ژیان بەسەر دەبەن و بە وڵاتانی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، ئەگەر وەک پێکهاتەیەکی ئێزدی یەکبگرین، دەتوانین هەموو شتێک بکەین، ئێستا زۆرێک لە ئێزدییەکان لە دەرەوەی خاکی خۆیانن و حکومەتی عێراق دەیەوێت شەنگال چۆڵ بکات. بەڵام دەبێت شەنگال ئاوەدان بکەینەوە.

 

"حکومەتی عێراق هیچی بۆ ئێزدییەکان نەکرد"

زۆزان سیمۆ ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە کۆمەڵگە ئاگاداربکەنەوە لەو هەڵمەتە بەمەبەستی بەشداریکردنی بەهێزی هەڵمەتەکە و وتی: ئەگەر ئەمڕۆ پێکهاتەکانی ئێزدی و شەنگال هیچ بۆ خۆیان نەکەن، حکومەتی عێراق هیچمان بۆ ناکات، حکومەتی عێراق زۆرێک لە شارەکانی ئاوەدان کردەوە کە لەلایەن چەتەکانەوە تاڵان کران و وێران کرابوون، خەڵکی ئەو شوێنانە گەڕانەوە سەر خاکی خۆیان، بەڵام هیچ بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و گەڕانەوەی خەڵک نەکرا، بۆیە پێویستە ئێزدییەکان بە دەستی خۆیان شارەکەیان بونیاد بنێن، داواکاریی من لە کۆمەڵگەی ئێزدی ئەوەیە کە یەکبگرن و بچنە ناو تەڤگەری ناساندنی جینۆسایدەوە.

 

"بەم هەڵمەتە دەبێت حکومەتی عێراق ناچار بکەین دان بەوەدا بنێت"

لە کۆتایی قسەکانیدا زۆزان سیمۆ ڕایگەیاند کە بەم هەڵمەتە پێویستە حکومەتی عێراق ناچار بکەن دان بەو کۆمەڵکوژییەدا بنێت کە دژی ئێزدییەکان ئەنجامدراوە وتیشی: حکومەتی عێراق نایەوێت دان بە جینۆسایددا بنێت، دەیەوێت ئێزدییەکان بچنە وڵاتانی جیاواز و کولتوور و باوەڕیان لەبیربکەن، بەڵام هەرگیز ڕادەستی دوژمن نابین، داوا لە ئێزدییەکان دەکەم، لە هەر شوێنێک بن، پشتیوانی هەڵمەتەکە بکەن بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق و هەموو دەوڵەتەکان دان بەو جینۆسایدەدا بنێن.

 

"هەموو ئێزدییەکان دەستی یەکبگرن بۆ ناساندنی جینۆساید"

سێڤێ خەڵەف، ئەندامی تاژێ زانیاری لەبارەی ئەو کارانەی کە بۆ هەڵمەتەکە ئەنجامی دەدەن داو وتی: وەک ئەندامانی ئەنجومەنەکان ماڵ بە ماڵ دەڕۆین و واژۆ بۆ هەڵمەتەکە کۆدەکەینەوە، پێش هەموو شتێک دەبێت حکومەتی عێراق و هەموو دەوڵەتەکان دان بەو جینۆسایدەدا بنێن کە دژی پێکهاتەی ئێزدی کرا، عێراق بۆ ئێمە دوژمنە بۆیە دان بە جینۆسایددا نانێت، پێویستە هەموو ئێزدییەکان بوەستن و کار بۆ ناساندنی جینۆساید بکەن. داوا لە هەموو ئێزدییەکان و هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە خۆیان بە مرۆڤ ناودەبەن، دژی فەرمانەکان دەستی یەکبگرن.