ژنانی ڕەققە پشتیوانیان لە بەرخۆدانی ژنانی حەلەب کرد
ژنانی کانتۆنی ڕەقە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پشتیوانی خۆیان بۆ ژنانی شاری حەلەب دەربڕی. ئەو ژنانە داوایان لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە، دەستبەجێ داگیرکارییەکان ڕابگرن و لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورکیا بکەن.
یوسرا ئەحمەد
ڕەققە- ژنانی کانتۆنی ڕەققە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێرشی دڕندانەیان بۆ سەر شاری حەلەب لەلایەن چەتەکانی بەکرێگیراوی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە ئیدانە کرد. ئەو ژنانە جەختیان لەوە کردەوە کە بەردەوامی بوونی چەتەکان لەسەر خاکی سووریا ژیانی ملیۆنان کەس دەخاتە مەترسییەوە.
ژنانی کانتۆنی ڕەققە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پشتیوانی خۆیان بۆ ژنانی شاری حەلەب دەربڕی. ژنان داوایان لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد بەپەلە هەنگاو بنێن بۆ پاراستنی هاوڵاتیان.
نەسرە سوێد، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی زەنۆبیا، هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی بۆ سەر هەردوو شاری حەلەب و ئیدلب و بەئامانجکردنی ژێرخانی و ماڵی هاوڵاتییانی بیرهێنایەوە و سەرەڕای ئیدانەکردنی ئەو هێرشانە وتی: ئامانجی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دابەشکردنی دیمۆگرافیای سووریایە کە بە پێی بەرژەوەندی شەخسی خۆی بەکاری بهێنێت، بەردەوام بوونی چەتەکان لەسەر خاکی سووریا مەترسییەکی ڕاستەقینەیە و ژیانی ملیۆنان خەڵک دەخاتە مەترسییەوە. هەموو ئەو کارانە دەکەونە دۆسیەی سەرپێچی چەتەکان و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی هاوڵاتیان. دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی ئەم هێرشانەوە دەیەوێت ڕێگری بکات لە دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ قەیرانی سووریا.
"رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تەنها سەیری دەکەن"
نەسرە سوێد ڕەخنەی لە هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت و وتی: تەمەنی ململانێکان لە سووریا زیاتر لە ١٣ ساڵ بووە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جیهان بە گشتی هەڵوێستی جددییان نیشان نەداوە، ئەوان تەنها چاودێری دەکەن. ئەمە هەڵوێستێکی شەرمەزارکەرە.
غادە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی زەنۆبیا پشتیوانی خۆی بۆ گەل و ژنانی حەلەب دەربڕی و وتی: وەک ژنانی شاری ڕەقە پاڵپشتی خۆمان بۆ هاوڵاتیان و بەتایبەت ژنانی حەلەب نیشان دەدەین، چونکە زۆرترین ژنان بەدەست شەڕ و قەیرانەکانەوە دەناڵێنن".
غادە محەمەد، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کرد بەپەلە دەستوەردان بکەن و چەتە بەکرێگیراوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ڕابگرن، ڕێگە نەدەن ناوچەکانی دیکەی سووریا داگیربکرێن.