نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی بۆردوومانکردنی کامپێکی ئاوارە لە سودان دەکات

نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی بۆردوومانێکی کرد کە کامپی زمزمی ئاوارەکانی کردە ئامانج، کامپەکە یەکێکە لە گەورەترین کامپەکانی ئاوارە لە ناوخۆی سودان.

ناوەندی هەواڵ

 

شەڕ لە ١٥ نیسانی ٢٠٢٣ لە سودان لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرادا سەریهەڵدا و لە ئەنجامدا هەزاران کەس کوژران و و زیاتر لە ١١ ملتۆن کەس ئاوارەبوون، بۆردوومان و هێرشەکان بەردەوامن و کامپی زمزم بۆ ئاوارەبووەکان لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆردوومان کرا و بەهۆیەوە دەیان ئاوارە لەناو کامپەکەدا گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.

 

دوێنێ ٣ی کانوونی یەکەم، نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی ئەو بۆردوومانەی کرد کە کامپی “زمزم”ی ڕۆژئاوای سودانی کردە ئامانج و داوای پاراستنی ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانەی کرد کە لە بۆردوومان و پێکدادانەکان هەڵاتوون و پەنایان بردووەتە باشووری ئەلفاشر، کە گەورەترین شارە لە ناوچەی دارفور، کە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا گەمارۆ دراوە.

 

کلیمنتین نکویتا سەلامی، ڕێکخەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سودان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ٢٣٢ ڕۆژ بەسەر سەپاندنی گەمارۆی شاری ئەلفاشردا تێپەڕیوە کە ئازارەکانی دانیشتووانەکەی زیاتر کردووە و ئەم ئازارەی بە شتێکی قبوڵنەکراو پێناسە کردووە.

 

نیگەرانی قووڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو ڕاپۆرتانەی کە بەدەستیان هێناوە کە بۆردوومانی بێ جیاوازی کامپی زمزم و کلینیکەکان و پەناگە بۆ ئاوارەکان دەکاتە ئامانج و وتی: پاراستنیان لەڕادەبەدەر گرنگە، بە توندی ئەو کردەوە توندوتیژیانە ئیدانە دەکەین کە لە سودان دژی هاوڵاتیانی مەدەنی بێتاوان ڕوودەدەن."

 

کامپی "زمزم" بۆ ئاوارەکان لە شاری ئەلفاشر، کە چەند مانگێکە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرای پایتەختی ویلایەتی دارفۆری باکوورەوە گەمارۆ دراوە، زیاتر لە ٥٠٠ هەزار ئاوارە لەخۆدەگرێت.