بەرەی ژنان: هەزاران ژن و منداڵ لە سووریا لە ژێر مەترسی جینۆسایددان
بەرەی ژنانی باشووری کوردستان ڕایانگەیاند، پێویستە لە سەرەتادا هەموو گەلەکەمان و مرۆڤایەتی و بە تایبەتی ژنان و ئازادیخوازانی جیهان خاوەن هەڵوێست بن و بڕژێنە سەر شەقامەکان و ڕێگری بکەن لەم پیلانە و کۆمەڵکوژی سەر گەلەکەمان پووچەڵ بکەنەوە.
ناوەندی هەواڵ
بەرەی ژنانی باشووری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی نووسراویان لە بارەی دۆخی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و سەرباری ئاماژە کردن بەوەی کە، ئەمڕۆ بە هەزاران ژن و منداڵ و پیر و گەنجی ڕۆژئاوای کوردستان لە ژێر مەترسی کۆمەڵکوژی و جینۆسایددان، ڕایگەیاند، "بۆ ئەوەی ئێمە و گەلەکەمان و جیهان جارێکی تر شاهیدی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدێکی تر لەسەر گەلەکەمان نەبینەوە، پێویستە لە سەرەتادا هەموو گەلەکەمان و مرۆڤایەتی و بە تایبەتی ژنان و ئازادیخوازانی جیهان خاوەن هەڵوێست بن و بڕژێنە سەر شەقامەکان و ڕێگری بکەن لەم پیلانە و کۆمەڵکوژی سەر گەلەکەمان پووچەڵ بکەنەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی بەرەی ژنانی باشووری كوردستان
ئەردۆغانی چەتە دووبارە دەستی کردەوە بە خوێن ڕشتن و سەربرین و ژنانی کردەوە بازاڕەکانی کۆیلەکردن.
سەدەی ٢١ لە دوو خاڵدا گرنگی خۆی هەیە، یەکەم کورد ئێستا هەمان ئەو کوردەی پێشتر نییە کە هەر کەس بێت و بتوانێت بە کۆمەڵکوژ کردن و قڕکردن و فریودان سیاسەتی و مەرامە پیسەکانی خۆی لەسەر جێبەجێ بکات و چۆنی بوێت ئاوا ئاراستەی بکات، دووەمیش ژنانی کورد لە بەرامبەر دڕندەیی داعش ئەوەیان سەلماند و نیشانی خیهانیاندا کە ئەتوانن هەم خۆیان و هەم خاکەکەیان بپارێزێن و بەسەربەرزییەوە شەڕی ئازادی و یەکسانی و خۆیان و گەلەکەیان بکەن.
لە ڕاستیدا ئەو شەڕەی کە ئێستا هەم لە ناوچەکە و هەم لە جیهاندا دەگوزەرێت شەڕی جیهانی سێیەمە ئەم شەڕەش بە هەموو دڕندەیی و بێ ڕەحمییەکەوە بەردەوام ئەبێت. لە ئێستادا لەلایەن دەوڵەتانی زلهێز و دەوڵەتانی ناوچەکەور هەم لەسەر گەلی کورد و هەم لەسەر گەلانی بن دەست بازرگانی و مامەڵەیەکی گەورە ئەنجام دەدرێت. پێویستە کە گەلەکەما. زۆر بە وشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بکات و بەیەکگرتوویی و یەکدەنگییەوە ڕووبەڕووی ئەم پیلانە نەگریسە ببێتەوە کە لەسەر گەلەکەمان ئەنجام دەدرێت، هەروەها پێویستە کە خیانەت و هاوکارانی هێڵی خیانەت بەتوندترین شێوە شەرمەزار و مەحکوم بکات، ئەم شەڕەش وەک هەموو شەڕەکانی پێشووتر دووبارە ژن ڕووبەڕووی ئیش و ئازاری زۆر گران ئەبێتەوە.
ژنانی کورد و شەڕڤانان لەساڵانی ڕابردوو بە بەرخودان و قوربانیدانی ژنانی خۆیان توانییان کە بوون و هێزی خۆیان بۆ جیها. بسەلمێنن و ببنە سیمبولی ئازایەتی و قارەمانێتی و ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر و داگیرکاری و بە بەرخودانی خۆیان توانییان هێزێکی دڕندە و هۆڤی وەک داعش تێکبشکێنن و بە پێشەناگایەتی ژنان توانرا پەیتەختی ئەو گروپە تیرۆریستییە ئازاد بکرێت.
ئەمڕۆش جارێکی تر و بە پیلانی باوکی داعش ئەردۆغانی فاشیست و خوێن رێژ بۆئەوەی دووبارە ژنان و کوردان قڕبکات و کۆمەڵکوژی لەسەر گەلەکەمان بەڕێوە ببات لەسەر ناوی جیاواز دووبارە چەتەکانی خۆی بەرداوەتە گیانی سوریا و بەتایبەتی ڕۆژئاوای کوردستان. لە رۆژانی داهاتوو مەترسی زۆر گەورە ڕووبەڕووی گەلەکەمان دەبێتەوە. چونکە پیلانەکان زۆر مەترسیدارن. ئەو ڕووداوانەی لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ڕویاندا مەترسی ڕۆژانی داهاتووشی هێنایە پێش چاومان. ئێمە وەکو بەرەی ژنی باشوور ئەم ڕووداوانەی دوایی بە ترس و نیگەرانییەکی گەورەوە لەبەرچاو دەگرین. چونکە وەک بینیمان پێش دوو ڕۆژ چەتەکان هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکانی تەلڕەفعەت و شێخ مەقسود و بە هەموو دڕەندەیی خۆیان هەوڵی کۆنتڕۆڵ کردنی ئەو شوێنانەیان دەدا و دەستیان لە هیچ نەدەپاراست، بە تایبەتی هەڵوێست و مامەڵەی دڕندانەیان لەگەڵ شەش ژنی دیل کە کەوتبووە دەستیان هۆڤێتی و دڵرەقی ئەم هێزەی دیاری دەکرد، کە چەندە دوژمنی ژن و ئازادی و سەربەخۆین. دووبارە دیمەنەکانی سەربڕین و سووکایەتی و هەڵسوکەوتە نا مرۆڤانەکانیان لەسەر ئەنتەرنێت و تۆرەکانی کۆمەڵایەتی بڵاوبوویەوە و ئێش و ئازارەکانی ڕابردووشی زیندوو کردەوە.
ئەو ژنانەی کە ئەوان ئەیان وت دووبارە لە بازاڕەکاندا مامەڵەی کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکەین، هەمان ئەو ژنانە بوون کە شەرەفی هەموو کورد و مرۆڤایەتیان ڕزگارکردبوو لە دەستی دڕندەیی داعش. ئەو ژنانە بوون کە بە بەرخودانی خۆیان سەری هەموو ژنی کورد و گەلی کوردیان لە هەموو جیهاندا سەر بڵند کردبوو. ئەمڕۆ بە هەزاران ژن و منداڵ و پیر و گەنجی ڕۆژئاوای کوردستان لە ژێر مەترسی کۆمەڵکوژی و جینۆسایددان. بۆ ئەوەی ئێمە و گەلەکەمان و جیهان جارێکی تر نەبینەوە بە شاهێدی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدێکی تر لەسەر گەلەکەمان، پێویستە لەسەرەتا هەموو گەلەکەمان و مرۆڤایەتی و بەتایبەتی ژنان و ئازادیخوازانی جیهان خاوەن هەڵوێست بن و بڕژێنە سەر شەقامەکان و ڕێگری بکەن لەم پیلانە و کۆمەڵکوژی سەر گەلەکەمان پووچەڵ بکەنەوە.
ئێمە وەکو بەرەی ژنانی باشوور بانگەوازی ئەکەین لە هەموو پارت سیاسی و ڕێکخراوەکان و کەسانی ڕۆشنبیر و پێشەنگی کۆمەڵگە کە دەنگی خۆیان هەڵبڕن و ئەم قۆناغە قۆناغی بێ دەنگی و تەماشاکردن نییە، بەڵکو قۆناغی یەکێتی و یەکدەنگی و راوەستانە لە بەرامبەر ئەو پیلانانەی کە لەسەر گەلەکەمان بەڕێوە دەچێت، سەرچەتە ئەردۆغان سوێندی خواردووە کە کۆمەڵکوژی و جینۆساید لەسەر هەموو کوردان بەڕێوە ببات جا لەهەر کوێی ئەم جیهانە بێت ئەو بە ئاشکرا دەڵێت کوردی باش ئەو کوردەیە کە لە ژێر گڵدایە. بەلای ئەوانەوە کورد هەموو وەک یەکن و جیاوازی ناکات لە نێوانیاندا.
ئەگەر ئێمە ئێستا دەنگ بڵند بکەین و شەقامەکانی جیهان بهەژێنین و ئەو پیلانانەی کە ئەمڕۆ لەسەر ڕۆژئاوایە پووچەڵی بکەینەوە ئەوە دەتوانین پیلان و مامەڵەکانی لەسەر هەرچوارپارچەی کوردستان پووچەڵ بکەینەوە، هەروەها بە پێچەوانەوە ئەگەر نەتوانین ئەو پیلانانە پووچەڵ بکەینەوە ئەوا سبەی هەموو کوردستان ڕووبەڕووی ئەو دڕندەیی و کۆمەڵکوژییە دەبنەوە و جینۆسایدی گەورە لەسەر گەلەکەمان ئەنجام دەدرێت. هەرکەس و لایەنێک هەر بیر و باوەڕێکی جیاوازمان هەبێت پێویستە هەمووی بخەینە لاوە و بکەوینە جوڵە بۆ پاراستنی خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەر دەنگێک و چالاکییەک و هاوکارییەک بۆ هەڵوەشاندنەوە و پووچەڵکردنەوەی ئەو پیلان و مەترسی و دڕندەییەی ئەردۆغان و چەتەکانی هەنگاوێکی زۆر گەورە و گرنگە. ئێمەش وەکو بەرەی ژنی باشووری کوردستان بەڵێن دەدەین کە بە هەموو شێوەیەک هەوڵ ئەدەین ببینە دەنگی ژن و گەلی ئێمەی ڕۆژئاوا.