کۆچەرییەکانی ئەفغانستان ڕووبەڕووی نەبوونی لەوەرگا دەبنەوە

بیبی گوڵئارام، کۆچەرییەکە و دەڵێت: ڕۆژگارمان باش نییە، لە کۆندا بە فرۆشتنی گۆشت و شیرەمەنی و پێست و پشمی ئاژەڵەکانمان بژێوی ژیانمان دابین دەکرد، بەڵام شەڕ و وشکەساڵی و نەبوونی ئالیک بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ئاژەڵەکانمان لەدەست بدەین.

بەهاران لاهیب

 

کابول- کۆچەرییەکان بریتین لە هۆزە گەڕۆکەکان کە مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە لە ئەفغانستان و خەریکی بەخێوکردنی ئاژەڵن و بەپێی بارودۆخی کەشوهەوا لە ناوچەیەکەوە دەچنە ناوچەیەکی تر، تا لەوەرگایەکی باش بۆ ئاژەڵەکانیان دەستەبەر بکەن، لە هاویندا دەچنە ناوچە ساردەکان و لە زستاندا دەچنە شوێنە گەرمەکان، بەهۆی شێوازی ژیانیانەوە هیچ هەواڵێکی خوێندەواری و خۆشگوزەرانی لە ژیانیاندا نییە، هەرچەند خەڵکی کۆنەپارێزی بەرژەوەندخواز، کە خۆیان بە خاوەن و ئاغای کۆچەرییەکان دەزانی، بەناوی ئەم گەلەوە چوونەتە ناو پەرلەمان و پۆستە باڵاکانی تری حکومەتەوە، بەڵام ڕۆژانی کۆچەرییەکان هێشتا وەک خۆیان بەدبەختە.

 

"کاری ڕۆژانەمان لەناو شاردا بەسەردەبەین"

سەردانی گەڕەکێکی چادرنشینانمان کرد لە پارێزگای لۆگار، بیبی گوڵئارام، ژنێکی کۆچەرییە و دەڵێت: ڕۆژگارمان بە قورسی تێدەپەڕێت، لە کۆندا بە فرۆشتنی گۆشت و شیرەمەنی و پێست و پشمی ئاژەڵەکانمان بژێوی ژیانمان دابین دەکرد، بەڵام شەڕ و وشکەساڵی و نەبوونی ئالیک بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ئاژەڵەکانمان لەدەست بدەین، ئێستا دەچینە ناوچەکان بۆ دۆزینەوەی کاری ڕۆژانە بۆ پیاوەکانمان، لە ڕابردوودا مەبەست لە گواستنەوەمان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر دۆزینەوەی ناوچەی پڕ سەوزایی بوو بۆ ئاژەڵەکانمان، بەڵام ئێستا مەبەستمان گواستنەوەیە بۆ ئەوەی پارچە نانێکمان دەست بکەوێت بۆ خواردن، تا پیاوەکانمان بتوانن کاری ڕۆژانە بدۆزنەوە.

 

بیبی گوڵئارام سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە بەرهەمهێناندا لەناو کۆچەرەکاندا دەڵێت: کاتێک گەنج بووم پشکم هەبوو لە بەخێوکردنی ئاژەڵ و بەرهەمەکانی دیکە، ئێستا کە پیاوان دەچنە سەر کار، ئێمەی ژنان تەنها ئاگاداری ماڵین، چەند ئاژەڵێکیشمان هەیە کە کوڕەکانمان ئاگاداریان دەبن، ئێمەی ژنان بۆ پەیداکردنی نان هیچ ناکەین، گەنجیمان لە ژیانی ژنانی ئێستامان باشتر بوو، چونکە کۆچەری و ئازاد بووم.

 

"شەڕ ژیانی کۆچەریمانی تێکداوە"

ماهگوڵ نەعیم باسی لە ژیانی کۆچەری کرد و وتی: لە هاویندا هەمیشە لە ناوچەی لۆگەر چادرەکانمان دادەنێین، ساڵانە شەڕ لە نێوان حکومەت (حکومەتی ئەشرەف غەنی) و تاڵیبان ڕووی دەدا، شەقامەکان لە کاتژمێر ٨ی بەیانی تا ٤ی ئێوارە بەدەست حکومەتی غەنی و لەدوای ئەو کاتەش بەدەست تاڵیبانەوە بوو، زۆر جار شەڕ لە نێوانیاندا ڕوویدەدا و گەنج و پیر و ژن و پیاو و تەنانەت منداڵیش لەگەڵ خێزانەکانیان کە دەهاتنە کێڵگە کشتوکاڵییەکان بۆ کارکردن دەکوژران و بریندار دەبوون، بۆیە نەماندەتوانی چادرەکانمان بەجێبهێڵین.

 

مەهگوڵ لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: هۆکاری هاتنی ئێمە بۆ ئەم هەرێمە سەرەڕای شەڕی توند، ئەوە بوو کە هەلی کار بە مووچەی ڕۆژانەی زیاتر بەردەست بوو، پیاوانی ئەم ناوچەیە لەگەڵ حکومەتی غەنیدا کاریان دەکرد، ژنان ئاگاداری زەوی و خێزانن، بۆیە زۆرجار پێویستیان بە دامەزراندنی کرێکار بوو بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمەکانمان، لە بنەڕەتدا پیاوانی ئێمە لە بەرامبەر پارەدا هاوکاریان بوون، بەڵام ئەمساڵ زەحمەتە کار بدۆزرێتەوە، چونکە پیاوی ئەو خێزانانە ئیتر کاریان نەماوە و خەریکی کار لەسەر زەویەکانیانن.