کچێکی کورد لە بەلەمە نقومبووەکەی کەنداوی ئینگلیزدا خنکا

بەپێی بەدواداچوونەکان یەکێک لەو سەرنشینانەی کە لە ئەنجامی نقومبوونی بەلەمەکەیان خنکاوە، ژیلان محەمەد حەمە ئەمینی ٢٤ ساڵە، کە خەڵکی شاری قەڵادزێ یه.

ناوەندی هەواڵ

 

٢٣ی نیسان دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران بڵاویكردەوە کە لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە كەناڵی ئینگلیز لە نێوان وڵاتی فەرەنسا و بەریتانیا، بەهۆی نقومبوونی بەلەمێکەوە کە زیاتر لە ١٠٠ کەسی هەڵگرتووە، پێنج كۆچبەر گیانیان لەدەستدا، کە ژنێک و منداڵێکیان لەناودایە.

 

دەزگای لوتکە ئاماژەی بەوەشداوە، پاسەوانی كەناراوەكانی فەرەنسا رایانگەیاندوە، ئەو کەسانەی لە بەلەمەکەدا بوون هەوڵیانداوە بە بەلەمێكەوە بگەنە بەریتانیا كە ١١٠ كەسی هەڵگرتووە، بەپێی زانیارییەكانیش بەهۆی جوڵەی سەرنشینانی بەلەمەكە كە قەرەباڵغ بووە، بەلەمەكەیان ژێر ئاو كەوتووە.

 

بەپێی بەدواداچوونەکان یەکێک لەو سەرنشینانەی کە لە ئەنجامی نقومبوونی بەلەمەکەیان خنکاوە، ژیلان محەمەد حەمە ئەمینی ٢٤ ساڵە، کە خەڵکی شاری قەڵادزێ یه.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە وتەی چەند شایەتحاڵێکەوە بڵاوکراونەتەوە، ژیلان و چەند کەسێکی تر بە هۆی شەڕ و ئاژەوە لەناو بەلەمەکە گیانیان لەدەستداوە، ژیلان لە سەرەتا زۆر داوای یارمەتی کردووە، بەڵام کەس نەچووە بەدەمیانەوە، لە کاتێکدا پۆلیس لە شوێنەکە بووە.