ژمارەی گیان لەدەستدان لە کەرتی غەززە ٣٤ هەزار کەسی تێپەڕاند

لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا ٣٤ هەزار و ٦٥٤ هاوڵاتیی غەززە گیانیان لەدەستداوە و ٧٧ هەزار ٩٠٨ كەسیش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی تەندروستی غەززە و وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی گیان لەدەستدان و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیاوازدا زانیارییان بڵاوكردەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندروستی غەززەدا هاتووە، بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٣٤ هەزار و ٦٥٤ هاوڵاتیی لە غەززە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٧٧ هەزار و  ٩٠٨  كەس.

 

ئاماژە بەوەش كراوە، بەهۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٣٢ كەس لە غەززە گیانیان لەدەستداوە و ٤١ـی دیكەش بریندار بوون، لەلایەكی دیكەشەوە، وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیلیش بڵاوی كردووەتەوە ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٠ كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش بریندار بوون.