دۆخی ژنانی عێراق لە نێوان توندوتیژیی و ئاڵەنگاریدا تاوتوێ کرا

لەژێر ناونیشانی "ژنانی عێراق لەنێوان توندوتیژیی و ئاڵەنگارییە سیاسییەکاندا"، کۆنفرانسێک بەڕێوەچوو کە تیایدا ڕەوشی ژنان تاوتوێ کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە هۆتێل شاری جوان لە سلێمانی، کۆمەڵەی ژنانی عێراق لقی بەریتانیا، یەکەمین کۆنفرانسی خۆی بە ناونیشانی "ژنانی عێراق لە نێوان توندوتیژیی و ئاڵەنگارییە یاساییەکان" دەستی پێکرد، کەسانی یاسایی و داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان و سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق تێیدا بەشداربوون و لە ماوەی دوو ڕۆژدا ڕەوشی ژنانی عێراق تاوتوێ دەکەن و دەرئەنجامەکان دەکەنە ڕاسپاردەیەک بۆ لایەنە پەیوەندییدارەکان.

 

لە یەکەم ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا دوو پانێڵ بەڕێوەچوو، لە پانێڵی یەکەمدا تاوتوێی یاساکانی پەیوەست بە ژنان کرا، هەروەها لە پانێڵی دووەمیشدا تیشکخرایە سەر دۆخی ژنانی ڕەنجدەر لە یاسا و سەندیکاکانی عێراقدا.

 

دونیا ڕامز ڕێکخەری کۆنفرانسەکە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژ نیوز ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجیانە ژنان بەرامبەر یاساکان و فشار درووستکردن بۆ جێبەجێکردنی یاسا هۆشیار بکەنەوە، هاوکات بەراوردکردنی یاسا بەرکارەکانی هەرێم بە عێراق، هەروەها دەستنیشانکردنی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی هەردووکیان.